کانونی دوھەم 10, 2023 13:44 Asia/Tehran
  • کەنعانی : ھاوکاری و وتووێژەکانمان لەگەڵ کاربەدەستانی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە

ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند: لەگەڵ ھەرێمی کوردستانی عێراق لە ھەوڵێکی ھاوبەش داین و ھاوکاری و وتووێژەکانمان لەگەڵ کاربەدەستانی ئەم ناوچەیە بەردەوامە.

بە پێی ڕاپۆرتی پەیامنێری کەناڵی ئاسمانیی سەحەر ، «ناسر کەنعانی چافی» وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پرێس کۆنفرانسێکدا لە نێو کۆڕی پەیامنێراندا ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ عێراق دا ھەیەو ھەرکاتێک کە بەرپرسانی ئەم وڵاتە داوایان لێ کردبین، ھەوڵمان داوە وەک ئەرکێک ڕۆڵی پێویستی خۆمان بگێڕین و لەم بوارەدا خەمساردیمان نەنواندوووە.

وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری کەناڵی ئاسمانیی سەحەر لە بارەی ئاستی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ ھەرێمی کوردستانی عێراق ڕایگەیاند: ھەوڵێکی ھاوبەش لە نێوان ئێران و ھەرێمی کوردستان لە ئارادایە و دیارە ئەم ھەوڵ و پەیوەندییانەش بە بەردەوامی دەمێننەوە. ئێمە لە ئێستادا دوو سەرکۆنسولگەریمان لە دوو پارێزگای ھەولێرو سلێمانی ھەیە کە ئەمەش نیشانەی گرینگایەتی دانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ھەرێمی کوردستانی عێراقە.

«ناسر کەنعانی چافی» لە بەشێکی تری قسەکانی دا وتی: ھەر کاتێک کە برایانی عێراقی بە پێویستیان زانی بێت ، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ھانایانەوە چووەو ئەرکی خۆی وەک دراوسێیەکی دڵسۆز بەجێ ھێناوە، ئێران بڕوای بە سەقام و یەکگرتوویی و ھێزمەند کرانی ڕۆڵی عێراق لە ناوچەکەدایەو ئەمەش بەس بە وتەو دیالۆگەوە بەرتەسک نەبووەتەوە، بەڵکو لە کردەوەش دا ئەوەمان سەلماندووەو لەم چوارچێوەیەدا بەردەوام داکۆکیمان لە  سەروەری و یەکگرتوو بوونی خاکی عێراق کردووە.

جەختی لەوەش کردەوە، لە ھەل و مەرجی ئێستادا ھەوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئاراستەی چارەسەر کردنی ناکۆکییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدایەو سوپاس بۆ خودا پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ کاربەدەستانی ھەرێمی کوردستانیش دا ھەیەو پەیوەندییەکانیش ئاوێتەی نیازپاکی و دۆستایەتین کە بوونی دوو سەرکۆنسولگەری لە ھەردووک پارێزگای سەرەکیی ھەولێرو سلێمانی دەربڕی ئەم ڕاستییەن.

سەرپەیڤ