سکرتێری لیژنەی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران: بەهێزبوونی سووریا لەبەرژەوەندی ئاسایش و سەقامی ناوچەکەیە
سکرتێری لیژنەی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران وتی: بەهێزبوونی سووریا لەبەرژەوەندی ئاسایش و سەقامی ناوچەکەیە.
"عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان"ی نوێنەری ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی و سکرتێری لیژنەی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران دوێنێ یەکشەم لەمیانەی چاوپێکەوتنی لەگەڵ "عەلی مەحموود عەباس"ی وەزیری بەرگری سووریا لە تاران وێڕای ئاماژە بە پەیوەندی پتەوی دوو وڵات کە هەر لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیەوە دەستی پێ کردوە، ڕێزیشی گرت لە خۆڕاگری گەل و حکومەتی سووریا وەک ئەندامێکی هێڵی خۆڕاگری لەبەرامبەر کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی فەلەستین و غەزە لەلایەن ڕژیمی زایۆنیستی و گروپگەلی تیرۆریستیەوە.
نوێنەری ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی و سکرتێری لیژنەی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران هاوکات وێڕای وەبیرهێنانەوەی هاریکاریە ئابوریەکانی نێوان ئێران و سووریا لە بوارگەلی جۆربەجۆردا پێداگری کرد لەسەر پەرەدان بە پەیوەندی نێوان دوو وڵات لەهەموو بوارەکان بەتایبەت بواری ئابووری.
"عەلی مەحموود عەباس"ی وەزیری بەرگری سووریاش وێڕای پێداگری لەسەر پەرەی پەیوەندیەکانی نێوان تاران و دیمشق لە هەموو بوارەکان و ڕێزگرتن لە پاڵپشتیەکانی گەل و حکومەتی ئێران لەسووریا لەماوەی ساڵانی خەبات بەدژی تیرۆریستە تەکفیریەکانی داعش، وتی: پەیوەندی نێوان دوو وڵات هەر لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە پێکهات و ئەوە تاکوو ئێستاش هەروا بەردەوامە.
وەزیری بەرگری سووریا وێرای ئاماژە بە ڕوداوەکانی غەزەش ڕایگەیاند کە ئەو شەڕە لەشکان هاتوویی ڕژیمی کۆمەڵکوژی زایۆنیستی بەهەموولایەک نیشان دا.