وەزارەتی بازرگانیی عێراق: ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران بۆ ٢٠ ملیار دۆلار بەرزدەکەینەوە
وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێ کە پەیوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ ئێران بە جێگیری ماونەتەوە و پلانیان هەیە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان بۆ ٢٠ ملیار دۆلار بەرزبکەنەوە.
محەممەد حەنون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمڕۆ راگەیاند، "قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات ساڵانە زیاتر لە ١٢ ملیار دۆلارە و لە رێگەی کردنەوەی دەروازەی نوێ و پەرەپێدانی ناوچە پیشەسازییە هاوبەشەکانەوە کار بۆ بەرزکردنەوەی دەکەین."
بە گوتەی محەممەد حەنون، سەرەڕای ئاڵنگارییەکان، لەوانە کەمبوونەوەی هەناردەی نانەوتیی ئێران، عێراق بەهۆی نزیکیی جوگرافی و کەمیی نرخی کاڵاوە، بەردەوام دەبێت لە هاریکارییەکانی لەگەڵ تاران، بەتایبەتی لە بواری وزەدا.
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەشڵێت، "هەردوولا هەوڵی کاراکردنی پڕۆژەکانی هێڵی شەمەندەفەر و پەرەپێدانی رێڕەوە سنوورییەکان دەدەن بۆ ئاسانکاریی جووڵەی کاڵاکان و دابینکردنی ژینگەیەکی بازرگانیی شەفاف."