دیداری سەرۆکی مەجلیسی ئێران لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیدار و گفتوگۆی کرد.
محەممەد باقر قاڵیباف بە ئاماژە بە پەیوەندیی برایەتی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و عێراق لە سەرەتای دیدارەکەدا وتی: پەرەپێدان و فراوانکردنی هاوکاری و پەیوەندیی دۆستانە لە نێوان هەردوو وڵات بەتایبەت لە بواری ئابووریدا لە بەرژەوەندیی خەڵکی ئەو دوو وڵاتە. لەم دیدارەدا محەمەد باقر قالیباف ئاماژەی بەوەدا کە بە لەبەرچاوگرتنی خواست و ئیرادەی لایەنەکان بۆ بەرفراوانکردنی هاوکارییەکان، بەتایبەت لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووریدا، پێویستە بەدواداچوون و هاوکاری جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانە بکرێت کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کراوە ، بۆ دروستکردنی بەستێنی پێویست بۆ ڕوودانی چالاکییەکی ئابووریی بەرچاو.
نێچیرڤان بارزانیش لەم دیدارەدا وتی: ئێمە هەمیشه سوپاسبژێرین بۆ هاوکارییەکانی ئێران لە قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، هەرگیز له بیرمان ناچێت که له ڕۆژانی دژواردا ئێران پشتی ئێمەی بەرنەدا.
بارزانی لە درێژەدا وتیشی: ئێمە گرنگییەکی زۆر دەدەین بە فراوانکردنی پێوەندیی دۆستانە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، هەروەها هەمیشە پشتیوانی لە پرۆسەی پەرەپێدان و باشترکردنی ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەین.