ڕێبەری مەزنی شۆڕش: سزادرانی ڕژێمی زایۆنی لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە یاسایی و ڕەوا بوو
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە خوتبەکانی نوێژی هەینیدا فەرمووی: بە پێی ئەحکامی بەرەڤانیی ئیسلامی، یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و یاسا و ڕێسا نیودەوڵەتییەکان، هەڵمەتی جوانی هێزە چەکدارەکانی ئێران سەبارەت بە سزادانی ڕژێمی خوێنمژی زایۆنی تەواو یاسایی و ڕەوا بوو
حەزرەتی ئایەتوڵا خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە ئاپۆڕەی مەزن و بەشکۆی جەماوەردا لە نوێژی عیبادی- سیاسیی هەینیی تاران، یەکێتی و یەکپارچەبوونی موسڵمانانی بە سەرچاوەی ڕەحمەت و سەربەرزی ئیسلامی و هۆکاری سەرکەوتن بە سەر دوژمنان زانی و فەرمووی: بە پێی ئەحکامی بەرەڤانیی ئیسلامی، یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و یاسا و ڕێسا نیودەوڵەتییەکان، هەڵمەتی جوانی هێزە چەکدارەکانی ئێران سەبارەت بە سزادانی ڕژێمی خوێنمژی زایۆنی تەواو یاسایی و ڕەوا بوو و کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر ئەرک و ئەستۆگرییەک لەم بواردا هەست پێ بکات، بە بێ درەنگ جووڵانەوە و یان بەپەلە جوڵانەوە، بە هەموو هێز و تواناوە بەجێی دێنێ، لەبەر ئەوەی کە دوژمنی گەلی ئێران هەمان دوژمنی گەلانی فەلەستین، لوبنان، میسر، سوریا، عێراق یەمەن و وڵاتانی دیکەی ئیسلامییە و هەموو فەرمانەکانی پەلاماردان و دووبەرەکینانەوە لە یەک ژووری فەرمان دەردکرێن و تەنیا جیاوازییان لە شێوازەکانی جێبەجێ کردنیان لە وڵاتانی ئیسلامیدایە.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی بە راگەیاندنی ئەوەی کە دەبێ پشتێنی بەرەڤانی، سەربەخۆیی خوازی و سەربەرزی لە ئەفغانستانەوە تا یەمەن و لە ئێرانەوە تا غەززە و لوبنان لە هەموو وڵاتانی ئیسلامی، توند و تۆڵ ببەستین، ڕوو لە هەموو ئۆمەتی ئیسلامی لە سەرانسەری جیهان و بەتایبەت ڕوو لە گەلی ڕێزداری لوبنان و فەلەستین؛ کەسایەتیی شەهید نەسروڵا، ڕۆح و گیان، ڕێگا و ڕێباز و دەنگی بەرز و ڕەسای بە تاهەتایی وەسف کرد و فەرمووی: هەر زەبرێک لە لایەن هەر کەس و یان گرووپێک لە ڕژێمی داگیرکەر بدرێ، ئەوە خزمەتکردنە بە سەرانسەری ناوچەکە و بەڵکوو هەر هەموو مرۆڤایەتی.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە خۆڕاگری لە غەززە سەرنجی هەموو جیهانی بەرو لای خۆی راکێشا و سەربەرزی بەخشییەوە بە ئیسلام، فەرمووی: باهۆزی ئەقسا و خۆڕاگریی یەکساڵەی غەززە و لوبنان بوونە هۆی ئەوەی کە ڕژێمی زایۆنی دیسان نیگەرانیی پاراستنی بوونی خۆی لا ببووژێتەوە.
مەقامی مەزنی ڕێبەری ڕوو لە خەڵکی خۆڕاگری لوبنان و فەلەستین و خەباتکارانی ئازا و بوێڕ و خەڵکی سەبوور و سپاسبژێریان پێیداگرت: ئەم شەهیدبوونانە، ئەم خوێنانەی ڕژان، ئەمانە بزووتنەوەکەی ئێوە سست و لاواز ناکات، بەڵکوو بەهێزتری دەکات، ئەمەش بەو مانایەیە کە خەباتی پیاوانی خەباتکاری فەلەستین و لوبنان توانیویە ڕژێمی زایۆنی ٧٠ ساڵ بگەڕێنێتەوە دواوە.