تشرینی یه‌که‌م 31, 2024 19:46 Asia/Tehran
  •  بەرگریی لە مافی سەروەری و یەکپارچەیی خاکەکەمان مافی ڕەوامانە

نوێنەرایەتیی هەمیشەیی ئێران لە ژێنێڤ وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوارچێوی مافە نێودەوڵەتییەکاندا، تۆزقاڵێکیش گومانی نییە لە مافی یاسایی خۆی بۆ بەرگری کردنی مافی سەروەری و سیادە و یەکپارچەیی خاکەکەی.

نوێنەرایەتیی هەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ڕو لە ئەندامانی کۆبوونەوەی چەکداماڵینی نەتەوە یەکگرتووەکان، کردەوە نایاساییەکانی ئیسراییل کە دژ بە مافی سەروەریی ئێرانە بە بنپێکەری ئاشکرای بنەما و بەها سەرەتاییەکانی مافی نێودەوڵەتی، پارێزراوبوونی دیپلۆماتیک و کۆنسوڵی، بڕگەی چواری ماددەی ٢ی جاڕنامە و بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان زانی و جەختی کرد کە ئێران مافی یاسایی و ڕەوای خۆیەتی کە لە چوارچێوی ماددەی ٥١ی جاڕنامەدا بەرگری لە بەرژوەندییەکانی و ئاسایشی نیشتمانیی خۆی بکات.

 

نووسینگەی نوێنەرایەتیی ئێران لە ژێنێڤ ڕوو لە ئەندامانی کۆنفرانسی چەکداماڵین ڕایگەیاند: بەداخەوە هەرچەشنە دانبەخۆداگرتنی ئێران بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، بۆتە هۆی ئەوەی بیر و بۆچوون و حیساباتی نادرووست لای ئەم ڕژێمە درووست ببێ و بێشەرمانەتر بجوڵێتەوە. کەوایە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ پێشگری لە بەردەوامبوونی بنپێکرانی مافی سەروەری و یەکپارچەیی خاکەکەی و پاشەکشەپێکردنی ئەم ڕژێمە لە تاوان و جەنایەتەکانی، و هەر بەو شێوە کە لە ڕێگای هەڵمەتەکانی وەعدی سادقی ١ و ٢ سەلماندوویەتی، مافی ڕەوای بەرگری یاسایی بەرامبەر بە پەلامارەەکەی ئەمدواییەی ڕژێمی ئیسراییل بۆ سەر چەن ئامانجێک لە نێو خاکی ئێران بۆ خۆی بە پارێزراو دەزانێ.

 

نووسینگەی نوێنەرایەتیی ئێران لە ژێنێڤ داوای لە ئەندامانی کۆنفرانسی چەکداماڵین و کۆمەڵگای جیهانی کردووە بە شەرمەزار کردنی ئەم پەلامارانە، هەنگاوگەلێکی لێبڕشتانە و کاریگەر هەڵگرن لە پێناو ناچارکردنی ڕژێمی ئیسراییل بە کۆتایی هێنان بە کەتن و جەنایەتە نامرۆییەکانی.

 

نوێنەرایەتیی ئێران لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ژێنێڤ ڕاشیگەیاند کە کردەوە و ئاکاری ڕژێمی ئیسراییل لە ناوچەکە و ئەنجامدانی هەموو چەشنە جەنایەت لەوان ژینۆساید، جەنایەتی دژ بە مرۆڤایەتی و جەنایەتی جەنگی پیشاندەری ئەوەیە کە چەکی ئەتۆمی و چەکی کۆکوژی دیکەی بەردەستی ئەم ڕژێمە، هەڕەشەیەکی جیددییە لە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و ناوچەیی کە ڕەنگە بەمزووانە بە کردەوەش جێبەجێی بکات.

 

سەرپەیڤ