شوبات 16, 2026 16:11 Asia/Tehran
  • چۆن بە ئاسانی خەوم لێبکەوێت؟

بەمجۆرە زۆر بە ئاسانی خەوت لێدەكەوێت:

ئێواران نانێكی سووك بخۆ

نابێت ئێوارن نانێكی زۆر و قورس بخۆیت، چونكە هەرسكردنی خواردنە قورسەكان كاتێكی زۆری دەوێت و بەم شێوەیەش زەحمەت خەوت لێدەكەوێت، هەروەها ڕێنمایی دەكرێت لە كاتی برسێتیدا نەڕۆینە ناو جێگاوە چونكە خەومان لێناكەوێت. مۆز و ماست لەو خواردنانەن كە دەتوانیت پێش خەوتن بیانخۆیت.

دووركەتنەوە لە كافاین

دەبێت لەو خواردنانە دووربكەویتەوە كە كافاینیان تێدایە وەك چۆكلات، قاوە، ئایسكرێم، چونكە بە خواردنیان خەوت لێناكەوێت، هەروەها كافاین دەبێتـە هۆی زیادكردنی هۆڕمۆنی كاتێكۆلامین (catecholamine) كە دەبێتە هۆی زیادكردنی وزەی جەستە و لێدانی دڵ، هەروەها گرژبوونی دەمارەكان، بۆیە دەبێت دووربكەوینەوە لەو خواردنانەی كە كافاینی تێدایە بەتایبەتی قاوە.

پابەندبوون بە ڕۆتینێكی خەوی دیاریكراو 

بەمجۆرە  زۆر بە ئاسانی خەوت لێدەكەوێت، ئەوەش لەڕێگەی ئەوەی هەموو شەوێك لە یەك كاتدا بڕۆیتە ناو جێگەی خەوتن و بخەویت، تەنانەت لە كاتی پشووەكاندا، چونكە ئەمە دەبێتە هۆی ڕێككردنی كاتژمێری بایۆلۆجی و ئاسان خەوتن لە هەموو شەوێكدا.

دووركەوتنەوە لە جگەرەكێشان

لە تاقیكردنەوەكاندا دەركەوتووە كە ئەو كەسانەی كە جگەرە دەكێشن ناتوانن پشووبدەن لەكاتی خەوتندا، هەروەها كۆمەڵێك توێژەر كە تاقیكردنەوەیان لە زانكۆی جونس هۆپكینز (Johns Hopkins) ئەنجامداوە ، بۆیان دەركەوتووە كە نیكۆتین دەبێتە هۆی دروستكردنی كێشە لە خەودا، هەروەها ناڕەحەتی دروست دەكات لەكاتی هەناسەداندا، ئەو كەسانەی كە دەیانەوێت بەباشی بخەون دەبێت دووربكەونەوە لە جگەرەكێشان.

ڕێككردنی ژووری خەو

دەبێت ژووری خەوتن پلەی گەرمییەكەی جێگیر بێت، لە توێژینەوەكاندا دەركەوتووە كە پلەی گەرمی نزم دەبێتە هۆی خێرا خەوتن، ڕینمایی دەكرێت پلەی گەرمی ژووری خەوتن لە نێوان 18 بۆ 22 پلەی سیلیزیدا بێت، هەورەها دەبێت پێش خەوتن ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی وەك تەلەڤیزیۆن و مۆبایل لاببەین چونكە دەبنە هۆی كەمخەوی و هیلاكبوونی مێشكمان.

سەرپەیڤ