تورکیا قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی له‌رێگه‌ی دەروازەی ئیبراهیم خه‌لیلی ئاشکرا کرد
هاکان کاراچای باڵیۆزی تورکیا له هه‌ولێر دوێنێ یه‌کشه‌ممه رایگه‌یاند، له‌ماوه‌ی هه‌شت مانگی ئه‌مساڵدا، قه‌باره‌ی هه‌نارده‌ی تورکیا بۆ عێراق چوار ملیار و 800 ملیۆن دۆلار بووه.
هاکان کاراچای له میانه‌ی به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی ئیبراهیم خه‌لیل له قه‌زای زاخۆ رایگه‌یاند، قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی وڵاته‌که‌ی له‌گه‌ڵ عێراق و له‌رێگه‌ی ئیبراهیم خه‌لیله‌وه، له‌مساڵدا گه‌یشتوه‌ته چوار ملیار و 800 ملیۆن دۆلار، به‌هۆی رێکاره‌کانی خۆپارێزی له‌ڤایرۆسی کۆرۆناش به‌راورد به‌ماوه‌کانی رابردو روی له‌که‌مبونه‌وه کردوه.
باڵیۆزی تورکیا له هه‌ولێر ئاشکراشیکردوه، رۆژانه هه‌زار و 400 ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر له تورکیاوه که‌لوپه‌ل هاورده‌ی هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ن، بڕیاری راده‌ستکردنی که‌لوپه‌ل و کاڵاکانیش له‌ده‌روازه‌ی ئیبراهیم خه‌لیل به شۆفێرانی عێراق له 20ی ئه‌م مانگه‌وه کۆتایی هاتوه و راسته‌وخۆ شۆفێره تورکیه‌کان که‌لوپه‌له‌کان بۆ شوێنی مه‌به‌ست له‌ناو خاکی عێراق ده‌گوازنه‌وه.
ئه‌وه‌ش له‌کاتێکدایه، له‌چه‌ند رۆژی رابردودا ژماره‌یه‌ک له شۆفێرانی بارهه‌ڵگر له قه‌زای زاخۆ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیان له‌به‌رامبه‌ر رێگه‌پێنه‌دان بۆ وه‌رگرتنی به‌رهه‌م و کاڵاکانی تورکیا له‌ده‌روازه‌ی ئیبراهیم خه‌لیل ده‌ربڕی و داوایانکرد، رێگه نه‌درێت به شۆفێرانی تورکیا بێنه ناو خاکی هه‌رێمی کوردستانه‌وه.