تشرینی یه‌که‌م 03, 2020 19:46 Asia/Tehran
  • داودئۆغڵۆ و باباجان دوورخستنەوەی سەرۆک شارەوانییەکانی هەدەپە بە دوور لە دیموکراسی وەسفدەکەن

ئەحمەد داودئۆغلۆ و عەلی باباجان لەسەر لەسەرکارلادانی سەرۆک شارەوانییەکانی هەدەپە هاتنە دەنگ، بە کارێکی دوور لە دیموکراسی وەسفیدەکەن.

 

لە بەردەوامیی هەنگاوەکانی حکومەتەکەی ئاکەپە بۆ دەستگیرکردنی بەرپرس و ئەندامانی هەدەپە و هەروەها لەسەرکارلادانی سەرۆک شارەوانییەکان و دانانی قەیوم لە جێگەیان، کە سەرۆک شارەوانیی قەرس دوایینیان بوو، ئەحمەد داودئۆغلۆ سەرۆکی پارتی ئایندە و عەلی باباجان سەرۆکی پارتی دەوا، رەخنەیان لە بەردەوامیی ئەو هەنگاوانە گرت.

داودئۆغلۆ لە وتارێکیدا بۆ ئەندامانی پارتەکەی لە ئەنقەرە، لەسەر ئەو پرسە قسەیکرد، رایگەیاند، "دەکرێت کەسێک یان دوو کەس تاوانبار بن، بەڵام ئایا دەکرێت هەموویان هەر تاوانبار بن و دووریان بخەیتەوە؟".

داودئۆغلۆ وتی، "دەسەڵاتی تورکیا دەیەوێت لەرێگەی ئەو دەستگیرکردنانەوە بەخەڵک بڵێت، ئەو کەسەی ئێوە هەڵیدەبژێرن، ئەگەر لەگەڵ من نەگونجا، بەو شێوەیەیە دووری دەخەمەوە".

ئەحمەد داودئۆغلۆ رەخنەی ئەوەی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان دەگرێت، کە وەکو سەرۆک شارەوانی هاتە ناو سیاسەتەوە، بەڵام خۆی بەو شێوەیە مامەڵە و دژایەتیی سەرۆک شارەوانییەکان دەکات.

لای خۆیەوە عەلی باباجان سەرۆکی پارتی دەوا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، هەڵمەتەکانی لادانی سەرۆک شارەوانییەکانی هەدەپە بە فشارخستنە سەر دیموکراسیەت وەسفدەکات، دەڵێت، سەرۆکی شارەوانیی قەرس، کە بە دەنگی خەڵک هەڵبژێردراوە، کاتێک لایدەبەیت، کەواتە ئیرادەی خەڵکت بە هیچ زانی".

باباجان دەشڵێت، دانانی قەیوم دژی دەستور و یاسا نێودەوڵەتییەکانە، پێویستە هۆکارێکی گونجاو هەبێت بۆ دوورخستنەوەکە و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی لەسەرکارلادانەکە ئەنجام دەدەن و لە هەڵبژاردنێکدا کەسێکی دیکە دەخەنە شوێنەکەی.

سەرپەیڤ