دیداری سکرتێری گشتیی «ناتۆ» لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ئانکارا
سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی باکووری ئەتڵەسی «ناتۆ» و وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ئانکارا سەبارەت بە پرسەکانی ناوچەکە ڕاوێژیان کرد.
«مەولوود چاووش ئوغلو» وەزیری دەرەوەی تورکیا لە پرێس کۆنفرانسێکی ھاوبەش دا لەگەڵ «یێنس ستۆلێنبێرگ» سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی باکووری ئەتڵەسی «ناتۆ»، وتی: تورکیا لە ڕۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست ماف و سەرچاوەی نیشتیمانیی ھەیە و لە سەر پاراستنیان بەردەوام د ەبێت.
«چاووش ئوغلو» لە بارەی کێشەی «قەرەباغ»ەوە وتیشی: ئەرمینیا بە کردنە ئامانجی خەڵکی سڤیل توشی تاوانی جەنگی ھاتووە.
«یێنس ستۆلێنبێرگ» سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی باکووری ئەتڵەسی «ناتۆ»ش لەم پرێس کۆنفرانسەدا وتی: تورکیا لەو ھاوبەشە گرینگانەی «ناتۆ»یەو ئاسایشتی تورکیا بە واتای ئاسایشتی «ناتۆ»یە.
سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی باکووری ئەتڵەسی داوای لە لایەنە تێکھەڵچووەکانی کێشەی «قەرەباغ»کرد کە تێکھەڵچوونە سەربازییەکانیان کۆتایی پێ بێنن ھەتا بەستێن بۆ دانوستان و چارەسەریی پاوەجێی کێشەکە خۆش بکرێت.
«یێنس ستۆلێنبێرگ» سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی باکووری ئەتڵەسی «ناتۆ»، ڕۆژی دووشەممە سەردانی ئانکارای کرد.