تورکیا بەردەوامە لەسەر ناردنی چەکداری بەکرێگیراو بۆ پشتگری کردنی ئازەربایجان
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، دەوڵەتی تورکیا گروپێکی دیکەی چەکداری سوریای بۆ ئازەربایجان رەوانە کردوە، بۆ ئەوەی لەدژی ئەمینیا لە هەرێمی ئارتساخ بەکاریان بهێنێت.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دەوڵەتی تورکیا زیاتر لە 400 بەکرێگیراوی گروپی سوڵتان موراد و هەمزەی بۆ ئازەربایجان گواستوەتەوە بۆ ئەوەی لە پارێزگای ئارتساخ لەدژی ئەرمینیا بەکاریان بهێنێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، بەڕەوانەکردنی ئەو 400 چەکدارە بۆ پشتیوانی ئازەربایجان، کۆی ژمارەی ئەو چەکدارەی بۆ پشتیوانی لەو وڵاتە رەوانەکراوە گەیشتە دو هەزار و 50 چەکدار.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ باسی لەوەشکردوە، تا ئێستا لە شەڕی ئازەربایجان و ئەرمینیادا لە هەرێمی ئارتساخ 134 بەکرێگیراوی سوری کوژراون و تەرمی 92 بەکرێگیراو بۆ سوریا گواستراونەتەوە.
لەکۆتایی مانگی رابردوەوە جەنگی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا لەسەر پرسی قەرەباغ دەستیپێکرد، سەرچاوەکانیش دەڵێن لەساڵی 1990-ەکانەوە توندترین روبەڕوبونەوەی نێوان دوڵاتە، ئەرمینیا پشتیوانی کۆماری دانپیانەنراوی قەرەباغ دەکات و تورکیاش پشتیوانی ئازەربایجان دەکات بۆ گێڕانەوەی ئەو ناوچەیە.