تشرینی دووه‌م 05, 2020 02:50 Asia/Tehran
  • ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی تورکیا بەرز بووەوە

سەرۆکایەتی بەڕێوەبردنی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا رایگەیاندووە کە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە بوومەلەرزەکەی ئیزمیردا گیانیان لەدەست داوە بۆ ١١٤ کەس بەرز بووەتەوەو، چارەسەرکردنی ١٣٧ کەسیش درێژەی هەیە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی ئانادۆلۆی تورکیا، لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن سەرۆکایەتی بەڕێوەبردنی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا بڵاو بووەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە کە دوای بوومەلەرزەکەی ٣٠ی تشرینی یەکەم هەزار و ٧١٣ پاشلەرزە روویانداوە کە ٤٥یان تەوژمیان لەسەروو چوار پلە بووە.

بەپێى زانیارییەکان لە بوومەلەرزەکەدا، ١١٤ کەس گیانیان لەدەست داوە و هەزار و ٣٥ کەسیش برینداربوونە، لەوانەش ٨٩٨یان لە دواى وەرگرتنى چارەسەر نەخۆشخانەیان جێهێشتووە و ١٣٧ کەسی دیکەش لەژێر چارەسەردان.

هەر بەپێی زانیارییەکان لە کۆى ١٧ باڵەخانە کارەکانى گەڕان و رزگارکردن لە پانزەیاندا تەواوبووە و کارکردن لە دوو باڵەخانەش دا درێژەی هەیە.

سەرپەیڤ