عەلی باباجان: پارتەکەی ئەردۆغان تورکیای نغرۆی قەرز کردووە
سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتنی تورکیا دەڵێت، پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار، تورکیای خستووەتە نێو قەرزی گەورەوە.
عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتنی تورکی بەرهەڵسکار و جێگری پێشووی سەرۆکوەزیران وتی، پارتی داد و گەشەپێدان، کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکایەتی دەکات، تورکیای خستووەتە قەرزێکی واوە کە بانکی ناوەندیشی گرتووەتەوە.
باباجان ڕۆژی هەینی ئەوەشی وت، “کارێکیان کردووە کە پێشتر بەسەر هیچ حکومەتێکدا نەهاتووە. چۆن دەبێت ئەو لایەنەی دراو چاپ دەکات قەرزار بێت؟ تەنانەت ئەوەشیان کردووە”.
ئاماژەی بەوەشکرد بانکی ناوەندی قەرزاری بانکەکان و بازاڕ و وڵاتانی دیکەیە کە کۆی قەرزەکە دەگاتە 140 ملیار دۆلار.
سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن ئەوەشی خستەڕوو، تەواوی وڵاتیان خستووەتە نێو قەرزەوە، تەنانەت ئەو منداڵانەشمان کە هێشتا لەدایکنەبوون.