نوێنەری ھەدەپە خوازیاری وڵامدانەوەی وەزیری نێوخۆی تورکیا بوو لەسەر ئەشکەنجەدانی دوو کۆڵبەری ئێرانی
تەییب تەمەل پەرلەمانتاری ھەدەپە بە پرسینی پرسیارێکی پەرلەمانیی لە وەزیری نێوخۆی ویست لە بارەی رووداوەکەی کۆڵبەرانی ئێرانی روونکردنەوە بدات .
بە پێی راپۆرتی کوردپرێس ، تەییب تەمەل ئەندام پەرلەمانی پارتی دیموکراتیکی گەلان خوازیاری روونبوونەوەی بابەتی ئەشکەنجەدرانی دوو کۆڵبەری ئێرانی بوو .
بە پیی ھەواڵی یەنی شام ، ئەو نوێنەرەی شاری وان بە پرسینی پرسیاری پەرلەمانیی لە سلێمان سێویلۆ وەزیری نێوخۆی تورکیا لێی ویست لە بارەی رووداوێک کە لە بنکەی پۆلیسی ناوچەی بیدۆغانی وان لە نزیک ھێڵی سفری سنوور روویداوە ، وڵامدەر بێت .
تەییب تەمەل لە وەزیری نێوخۆی پرسیوە : ئایا ھەواڵی ئەشکەنجەدرانی کۆڵبەرانی ئێرانی، حەسەن کەچانلوو و بھنام سەمەدی و کوژرانی کەچانلو ڕاستە ؟ ئەگەر راستە کێ ئەو کارە کردووە ؟ ئایا گرتن و لێکۆڵینەوە لە بارەی تاوانبارانی ئەم رووداوە دەستپێبووە یان نا ؟
شیاوی باسە تا ئێستا وەزیری نێوخۆی تورکیا کاردانەوەیەکی بەم پرسیارە نەبووە .
بە پێی ھەواڵی بڵاوبووەوە لە ماڵپەڕەکانی گازتە دیوار و T24 و ھەندێ رۆژنامەی ئێران وەکوو رۆژنامەی ئیعتماد ، لە ناوچەی چاڵدورانی نزیک ھێڵی سفری سنوور دوو کۆڵبەری کوردی ئێرانی لە لایەن ھێزە ئەمنیەکانی تورکیاوە گیراون و بە توندی ئەشکەنجە دراون و یەکێک لەوان بە ھۆی ئازار و ئەشکەنجە گیانی لەدەستداوە .