تورکیا،گەورەترین زبڵدانی پلاستیک لە ئەوروپا
بەپێی تازەترین راپۆرت، پاشەڕۆی پلاستیکی بەریتانیا هەناردەی تورکیا دەکرێت و ئەویش بە نایاسایی فڕێی دەدات و دەیسووتێنێت، بەمەش تورکیا دەبێتە گەورەترین زبڵدانی پلاستیک لە ئەوروپا.
پی یوو کەی میدیا بە گێڕانەوە لە بی بی سی راپۆریدا ، گرین ئاشتی کە ڕێکخراوێکی ژینگەییە رایگەیاندووە: نزیکەی 40 ٪ یان 210 هەزار تۆن لە هەناردەی پاشەڕۆی پلاستیکی بەریتانیا ساڵی پار ڕەوانەی تورکیا کراوە بەڵام، لەجیاتی ئەوەی دووبارە بەکاربهێنرێنەوە، هەندێکیان لە رێگەوبان و کێڵگە و ئاوەکاندا فڕێدراون.
گرین ئاشتی لە ڕاپۆرتەکەیدا هۆشداری داوە کە تورکیا دەبێتە گەورەترین زبڵدانی پلاستیک لە ئەوروپا و لە ساڵی 2020دا نزیکەی 40٪ هەناردەی پاشەڕۆی پلاستیکی بەریتانیای وەرگرتووە و دەشڵێت، کە کیسەی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا دۆزراوەتەوە، کە ئاماژە یە بەوەی پاشەڕۆکان تەمەنیان لە ساڵێک کەمتر بووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە: بەریتانیا جگە لە ئەمریکا، پاشەڕۆ بۆ چەند وڵاتێکی دیکە ڕەوانە دەکات، تورکیا و مالیزیا و پۆڵەندا گەورەترین بڕی هەناردەی پاشەڕۆی پلاستیکیان لە ساڵی 2020 لە بەریتانیا وەرگرتووە.