هەڵوێستی هەدەپە لەبارەی دۆسیەی داخرانی ئەو پارتە لە دادگای دەستووری تورکیا
پاش قبووڵکرانی داواکاریی داخستنی هەدەپە، ئەو پارتە هەڵوێستی وەرگرت و دەڵێت خەباتیان بەهێزتر دەکەن و ئەو هەوڵانە پووچەڵ دەکەنەوە.
بە پێی راپۆرتی کورپرێس ، داواکاری داخستنی هەدەپە کەلەلایەن حکومەتی ئاکەپە و مەهەپەوە داواکرابوو لەلایەن دادگای دەستوری تورکەوە قبوڵ کرا، هەدەپەش رایدەگەیەنێت، ئەوان لەگەڵ گەلانی تورکیا تێکۆشانیان دژ بەو دۆزە بەهێزتر دەکەن.
دوای ئەوەی مانگی ڕابردوو دۆسیەی داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە لەلایەن دادگاى دەستوری تورکیاوە بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست ڕەتکرایەوە، داواکارى گشتى تورکیا بەفەرمانی ئاکەپە - مەهەپە بۆ جاری دووهەم داخوازینامەی داخستنی هەدەپەی لە حەوتی حوزەیراندا ڕادەستی دادگای دەستووری بنچینەیی کردەوە.
ئەمڕۆش دادگا دەستووری ئەو وڵاتە دوای دەستکردن بە لێکۆڵینەوە داخوازینامەکەی قبوڵ کرد، بەو شێوەیە دۆسییەی داخستنی هەدەپە جارێکی تر کرایەوە و قۆناغی داخستنی هەدەپە دەستی پێکرد.
داواکارى گشتى تورکیا بەو داخوازینامە ٨٤٣ لاپەڕەییە داوای داخستنی هەدەپە و قەدەغەی کاری سیاسی لە ٤٥١ کەسایەتی کردووە.
بەو پێیە دادگای دەستووری ئەو وڵاتە بۆ بەرگری سەرەتایی داخوازینامەکە ڕەوانەی هەدەپە دەکات و هەدەپەش لەماوەی ٦٠ رۆژدا بەرگرینامەی خۆی پێشکەش دەکات.
پاشان داواکارى گشتى بۆچوونی خۆی لەبارەی بەرگرینامەکەوە نیشان دەدات و ڕووبەڕوو گفتوگۆ لەسەر هۆکارەکانی داخستەکە لەگەڵ دەکات و ئەوانیش بەرگری لەخۆیان دەکەن، دادگای دەستووری بنچینەیی تورکیا کەلە ١٥ ئەندام پێکدێت بڕیاری کۆتایی خۆی دەدات کە بۆ داخستنی هەدەپە لە کۆیی ئەو ١٥ ئەندامە پێویست بە دەنگی ١٠ ئەندام هەیە.
هاوکات دەستەی بەڕێوبەری ناوەندی هەدەپەش ئەمڕۆ لەسەر ئەو بابەتە کۆبوونەوە، هاوسەرۆکی پارتەکە میدحەت سنجار ڕایگەیاند کە ئەم دۆزە لە ئەنجامی هەڕەشە و هەوڵەکانی ئاکەپە - مەهەپەوە لە دژمان کراوەتەوە.
ئاماژەى بەوەش کرد، ئەمە دۆسیەیێکی سیاسییە، ئەگەر داواکاری دۆسییەکە دەسەڵاتە ئەوا پارێزەریش گەلانی تورکیان، ئەوان بە تێکۆشانی هاوبەشی گەلانی تورکیا و هێزە دیموکراتیەکان دۆسیەکە پوچەڵ دەکەنەوە و خەباتیان بەهێزتر دەکەن.