«ھەدەپە» ئیدی بەبێ رێککەوتنی فەرمی پشتیوانیی لە ھیچ پارتێکی تورکیا ناکات
هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند: لەمەبەدوا ئیدی بەبێ رێککەوتنی فەرمی پشتیوانیی لە ھیچ پارتێکی تورکیا ناکەین.
«پەروین بوڵدان» هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە وتاردانێکدا لە شارێکی کوردنشینی وڵاتەکەی رایگەیاند: ئەگەر کێشەی کورد لە تورکیا چارەسەر نەکرێت، دیموکراسی لەم وڵاتە نایەتەدی، بۆیە نابێت هیچ کەسێک پێگە و دەنگی کورد وەک «پاروە خۆشە» چاوی لێ بکات.
هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان ڕوو لە پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی وڵاتەکەشی ڕایگەیاند: ئاگادارتان دەکەینەوە کە «ھەدەپە» لەمە بەدوا ئیدی بەبێ رێککەوتنی فەرمی پشتیوانی لە ھیچ پارتێکی تورکیا ناکات.
«پەروین بوڵدان» ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەست بە هەوڵەکانی پارتەکانی تورکیا بۆ بەدەستهێنانی دەنگی کورد با هیچ کەسێک ماف و بوێریی ئەوەی نەبێت داوای دەنگی کورد بکات و دەنگی کورد پاروە خۆشە نیە. بە دڵنیاییەوە ئەگەر کێشەی کورد لە تورکیا چارەسەر نەکرێت، دیموکراسی لەم وڵاتە نایەتەدی.
پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەهەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا کە ساڵی ٢٠١٩بەڕێوەچون، پشتیوانیی هاوپەیمانیی پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنی کرد و بەوهۆیەوە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا سەرۆکایەتی شارەوانی ئەستەموڵ و ئەنکارا و چەندین شاری دیکەی بردەوە، بەڵام بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتو هەدەپە پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئاگادار کردووەتەوە کە چیتر بەبێ رێککەوتنی فەرمی پشتیوانییان ناکات.