ته‌مووز 25, 2021 08:39 Asia/Tehran
  • وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بارەی هەوڵەکانی داخستنی هەدەپە هۆشداری دەداتە تورکیا

بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دەداتە تورکیا لەبارەی هەوڵەکانی بۆ داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڤیکتۆریا نۆڵەند، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری سیاسی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی وڵاتەکەی رایگەیاند: "زۆر بە ڕوونی نیگەرانیـیەکانی خۆمان دەربڕیوە بۆ دەستەڵاتدارانی تورکیا سەبارەت بە قەدەغەکردنی حزبە سیاسیەکان".

ناوبراو باسی لەوەش کرد: "پێموایە کە ئەو پشتگیریـیەی ئەندامانی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیران و ئەنجومەنی نوێنەران بە گشتی دەریانبڕیوە بۆ ئەندامانی هەدەپە زۆر جیگای پێشوازییە".

بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختیشی کردەوە هەدەپە نوێنەرایەتی چینێکی فراوانی هاووڵاتیانی تورکیا دەکات و قەدەغە کردنی نوێنەرانی ئەو چینە پرسیار دروست دەکات لەسەر پاک و بێگەردیی هەڵبژاردنەکان. بۆیە لە داهاتوودا بەردەوام دەبین لە ئاماژەکردن بەم بابەتە.

لەماوەی شەش ساڵی رابردوودا تورکیا فشارەکانی لەسەر پارتی دیموکراتی گەلان چڕکردوەتەوە و بەهەزاران ئەندام، لایەنگر و سەرکردەی ئەو حزبەی دەستگیرکردووە و لەئێستاشدا دۆسیەی داخستنی هەدەپە لە دادگای باڵای تورکیایە.

سەرپەیڤ