تورکیا کۆنترۆڵکردنی زۆربەی ئاگری دارستانەکانی راگەیاند
وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا رایگەیاند، لە کۆی 85 ئاگر کە لە 26 پارێزگای تورکیا کەوتونەتەوە 74-یان کۆنتڕۆڵکراون.
وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا، کۆنتڕۆڵکردنی 74 ئاگری لەکۆی 85 ئاگر راگەیاند
بەگوێرەی ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکیا، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە بەکر پاکدەمیرلی وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا، کۆنتڕۆڵکردنی 74 ئاگری لەکۆی 85 ئاگر راگەیاند.
بەکر پاکدەمیرلی لە هەژمارەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر باسی لەو ئاگرانە کردوە کە لە 28 بۆ 30-ی تەموز لە دارستانەکانی تورکیا کەوتونەتەوە و نوسیویەتی: "کارمەندە قارەمانەکان لە زەوی و ئاسمانەوە لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەدان. سوپاسی پشتیوانییەکانتان دەکەین. لە کۆی ئەو 85 ئاگرەی لە 26 پارێزگا کەوتونەتەوە تواندراوە 74-یان کۆنتڕۆڵ بکرێن".
وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا خشتەیەکیشی بڵاوکردوەتەوە و تیایدا ئەوە دەردەکەوێت کە لە ئادانا دو، لە ئانتاڵیا سێ، لە مێرسین سێ، لە موغڵا دو و لە عوسمانییە یەک ئاگر تا ئێستا کۆنتڕۆڵ نەکراون.