دوای ئازادکردنی، پەرلەمانتارێکی هەدەپە داوای یاسایی لەسەر ٣ دادوەرو ٢٣ پارێزەر تۆمار دەکات
پەرلەمانتاری هەدەپە عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغلۆ بە فەرمی داوای یاسایی لەسەر ٢٣ پارێزەر و سێ دادوەر تۆمار کردووەو تۆمەتباریشی کردوون بەوەی کاتێک لە زیندان بووە، ئەوان مافی قسەکردنیان پێی نەداوە و دەریان کردووە و سووکایەتییان پێی کردووە.
گەرگەرلیئۆغلۆ لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی (میزۆپۆتامیا) دەڵێت " ئەم رەفتارە ناشیرینەی ئەو دادوەر و پارێزەرانە تەنیا لەگەڵ مندا نەبوو، بەڵکوو لەگەڵ سیاسییەکانی تریش هەر وا بوون، بەتایبەت ئەوانەی سەر بە هەدەپە بوون، بۆیە داوای مافی خۆم دەکەم و داوای یاساییم تۆمار کردووە".
گەرگەرلیئۆغلۆ ئەوەشی خستەڕوو، دادوەر و پارێزەرەکان، جنێوی زۆر ناشیرین بە سزادراوان دەدەن، جگە لەوەش رۆژانە سووکایەتییان پێ دەکەن.
هەروەها وتیشی " ئەوەی لە زیندان لەلایەن ئەوانەوە بەرانبەر بە من کراوە، لە هیچ وڵاتێکی دونیا بەرانبەر بە کەس نەکراوە، بۆیە لە دەرگای هەموو شوێنێک دەدەم تا ئەوان بە سزای خۆیان بگەن، چونکە ئەوان سووکایەتییان بە ٨٣ ملیۆن هاووڵاتی لە تورکیا کردووە".
عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغلۆ دوای حوکمی زیندانیکردنی، دادگا تێهەڵچوونەوەی ئەو وڵاتە حوکمەکەی هەڵوەشاندەوە.