نەژادپەرستەکان کێلی گڵکۆکەی ئەحمەد کایایان شکاند
لە سەروبەندی ساڵھاتی کۆچی دوایی ئەحمەد کایا ھونەرمەندی کورد ، کێڵگەی گڵکۆکەی بە دەستی ھەندی کەسی نەناسراو تێکشکێنرا .
لە کاتێک دا کە تەنیا سێ رۆژی ماوە تا بیست و یەکەمین ساڵھاتی کۆچی دوایی ئەحمەد کایا گۆرانی بێژ و ئاوازدانەری بە نێوبانگی کورد ، کێلی گڵکۆی ئەو لە گۆڕستانی پێرلاشێزی پاریس بە دەستی کەسانی نەناسراو تێکشکێنراوە .
بە پێی نووسینی بیانت ، سێ رۆژ لەمەوبەر سێ کەسی کورد کە بۆ سەردانی گڵکۆی ئەحمەد کایا چووبوونە گۆڕستانی پێرلاشێز ، بۆیان دەرکەوت کێلی گڵکۆکە شکێنراوە .
ئەحمەد کایا گۆرانی بێژ ، ئاوازدانەر و ژەنیاری ناسراوی کورد ساڵی 1957 لە شاری مالاتیای تورکیا لە دایکبوو . ئەو لە شەش ساڵیەوە بە مۆسیقا ئاشنا بوو و دوای چەندین ساڵ دەسگێڕی و کرێکاریی ، بە فرۆشتنی ئەلبۆمەکانی لە ساڵانی 1980 تا 1990 بە نێوبانگێکی زۆر گەیشت .
ئەحمەد کایا دوای ئەوە کەوتە بەر پەلامار و توندی و تیژی نەژادپرستە تورکەکان و تورکیای بەجێھێشت و لە 16 ی نوامبری 2000 دا لە غەریبی و لە پاریس کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی پێرلاشێز بە خاک سپێردرا .
ئێستاش نەژاردپەرستانی تورک وازیان لە دوژمنی کردنی ئەحمەد کایا ھەڵنەگرتووە و تا ئێستا نەتوانراوە تەرمەکەی بگوازرێتەوە تورکیا .