کانونی یه‌که‌م 06, 2021 18:54 Asia/Tehran
  • ئەردۆغان : سەرۆکی جەھەپە بۆی نیە سەردانی دامەزراوە حکومیەکان بکات

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رەخنەی لە کەمال کلیچدار ئۆغلۆی سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (CHP) گرت کە بەبێ مۆڵەت سەردانی دامەزراوە حکومییەکان دەکات و رایگەیاند، رێگە بە سەرۆکی جەهەپە نادرێت دەستوەردان لەدامەرزاوە دەوڵەتییەکاندا بکات.

رەجەب تەیب ئەردۆغان لەوتارێکدا لەمێرسین ئاماژەی بەوەکردوە، کەمال کلیچدار ئۆغلۆ، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (CHP) چوەتە دەستەی ئاماری تورکیا بەبێ ئەوەی بانگهێشت کرابێت، بۆیە "چیتر ناتوانیت سەردانی دامەزراوەیەکی حکومەت بکەیت بەبێ مۆڵەتی پێشوەخت، هەروەها دەست لە پەلاماردانی دامودەزگا حکومییەکان هەڵگرە و هەڕەشە لە کارمەندەکانیان مەکە، با لە گۆڕەپانی سیاسیدا پێشبڕکێ بکەین".

باسی لەوەشکرد، "ئەوەی لەناو حزبی جەهەپەدا دەگوزەرێت بابەتێکی تایبەتی خۆتانە و ئێمە دەستوەردان ناکەین، بەڵام ڕێگە نادرێت بچیتە دامەرزاوەکانی حکومەت و زیان بە خەڵک و بەرژەوەندیی وڵات بگەیەنیت".

سەرۆک کۆماری تورکیا بە سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (CHP)ـی وت، "تۆ دەتوانی لەگەڵ هاوڕێکانت لە گروپە تیرۆرستییەکان سەردانی یەکتری بکەن بەبێ مۆڵەتی پێشوەخت، بەڵام دامەرزاوەکانی حکومەت  دامەزراوەی فەرمین و هەرکات بتەوێت ناتوانیت سەردانیان بکەیت".

رۆژی شەممە کەمال کلیچدار ئۆغلۆ، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (CHP) کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە رایگەیاند، رێگری لێکراوە سەردانی دەستەی ئاماری تورکیا بکات کە هاوکات بوە لەگەڵ راگەیاندنی ئامارەکانی تایبەت بە هەڵاوسانی ئابوری لە وڵات دا.

سەرپەیڤ