لە 6 رۆژی داهاتوودا: لە تورکیا پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن بەبێ بەشداری هەدەپە کۆدەبنەوە
رۆژی 12ی ئەم مانگە شەش پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بەبێ بەشداری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە ئەنقەرە کۆدەبنەوە و نەخشەڕێگای کاری هاوبەش بۆ قۆناغی داهاتوو تاوتوێ دەکەن.
لەسەر بانگهێشتی کەمال کڵچدارئۆغڵو سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، هەریەک لە مێرال ئاکشەنەر، سەرۆکی ئیی پارتی، تەمەل کارامۆڵائۆغڵو، سەرۆکی پارتی سەعادەت، گولتەکین ئویساڵ، سەرۆکی پارتی دیموکرات، ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆکی پارتی ئایندە، عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن رۆژی 12ی ئەم مانگە لە ئەنقەرە کۆدەبنەوە.
وەک میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردووەتەوە، لەکۆبوونەوەکەدا گۆڕینی سیستەمی وڵات بۆ سیستەمێکی پەرلەمانی یەکێک لە تەوەرەکان دەبێت، لەگەڵ باسکردن لە نەخشەڕێگای کاری هاوبەش بۆ قۆناغی داهاتوو کە ببێتە نەخشەڕێگەی ئۆپۆزسیۆن بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات.
هەدەپە بۆ کۆبوونەوەی پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن بانگهێشت نەکراوە سەرەڕای ئەوەی لەماوەی چەند مانگی رابردودا لەگەڵ بەشێک لە پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن کۆبووەتەوە، پێشتریش هەدەپە هۆشداری دایە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا کە بەهیچ شێوەیەکی هاوپەیمانی رانەگەیەنرا پەسەند ناکات و ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، پشتیوانی هیچ لایەنێکی هاوپەیمانی میللەت (ئۆپۆزسیۆن) و هاوپەیمانی کۆماری (ئاک پارتی و مەهەپە) ناکات.
بەگوێرەی دوایین راپرسییەکانیش کە ناوەندی راپرسیی ئاڤراسیا لە 26 پارێزگای تورکیا ئەنجامیداوە ئەگەر لەم کاتەدا هەڵبژاردن بکرێت، جەهەپە یەکەم، ئاکپارتی دوەم و هەدەپەش سێیەم پارتی براوەی هەڵبژاردنەکە دەبن.