زمانی کوردی لە بەندیخانەکانی تورکیا قەدەغە کراوە
وتەبێژی یەکدەنگیی لە گەڵ بەندکراوانی تورکیا رایگەیاند : قسە کردن و گۆرانی گوتن بە زمانی کوردی و گوێ شلکردن بۆ مۆسیقای کوردی لە بەندیخانەکانی تورکیا قەدەغە کراوە .
سەلما ئاڵتان وتەبێژی تاقمی یەکدەنگیی لە گەڵ بەندیانی لقی ئیزمیر ، بە راگەیاندنی حاڵەتە جیاجیاکانی پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لە بەندیخانەکانی تورکیا گوتی : زمانی کوردی بۆ جارێکی دیکە وەک زمانێکی نەناسراو پێناسە دەکرێت .
بە پێی نوسینی مێزۆپۆتامیا ، ئاڵتان گوتیشی : لە کاتی راگەیاندنی باری نائاسایی دوای کودیتای 15ی ژولای 2016 ، پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لە بەندیخانەکانی تورکیا دوو ئەوەندە بووە .
گوتیشی پشکنینی جەستەیی بە رووتی بووە بە شتێکی ئاسایی و گاردی بەندیخانەکان شەوانە بە بیانووی جیا جیا ھێرش دەکەنە سەر بەندەکان و دەست دەکەن بە لێدانی ھاوڕێ لە گەڵ جوێندان.
ئاڵتان بە ئاماژە بەوەی کە بەندکراوان خەریکی خەبات لە دژی ھەموو ئەو زەخت و فشارانەن دواجار گوتی : بە ھەستیاریی جەماوەر دەکرێ کۆتایی بھێنرێ بەم کارە نایاساییانە .