هەوڵدان بۆ سەندنەوەى متمانە لە 10 پەرلەمانتاری کورد لە تورکیا
میدیاکانى تورکیا بڵاویانکردەوە کە لەپەرلەمانى تورکیا بەدەیان دۆسییەى جۆراو جۆر لە دژی 10 پەرلەمانتاری هەدەپە کراونەتەوەو کە دۆسییەى تاوانیشیان تێدایە.
بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، لەپەرلەمانى تورکیا چەندین دۆسیەى جۆراوجۆری کە لەناویان دا دۆسییەى تاوان هەیە بۆ ژمارەیەک پەرلەمانتاری هەدەپە کراونەتەوە.
پڕۆژەی سەندنەوەى متمانە لەو 10 پەرلەمانتارەى هەدەپە ئاڕاستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانى تورکیا کراوەو بڕیارە دوای لێکۆڵینەوەو تەواوکردنى دۆسییەکانیان بخرێتە دانیشتنى پەرلەمان بۆ سەندنەوەى متمانە لەو پەرلەمانتارانە.
بەپێی هەواڵی میدیاکانى تورکیا ئەو پەرلەمانتارانەى کە لە پەرلەمان دۆسییەیان لەسەر ئامادە کراوە بریتین لە (ئایشە ئاجار باشاران، فەلەکناس ئۆجا،رەمزیە تۆسون، بەردان ئۆزتورک،نوڕان ئیمیر، ئایشە سوروجو،مەنسوور ئشک، دڵشاد جانباز کایا، شەڤین جۆشکون،گوڵستان کڵچ کۆچیگیت).
هەڕەشەکان بۆ سەندنەوەى متمانە لەپەرلەمانتارانى هەدەپە بە تۆمەتى هاوکاریکردنى تیرۆرو ئەندامبوونیان لە پەکەکە دەکرێت و لەم ساڵیشدا متمانە لە سێ پەرلەمانتاری دیکە سەندرایەوە.