جێگری پارتی «سەعادەت»ی تورکیا جەختی لە ڕۆڵی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران کردەوە وەک ئاڵا هەڵگری ڕاچەنینی ئیسلامی
جێگری سەرۆکی پارتی «سەعادەت»ی تورکیا شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانی بە یەکێک لە گرنگترین ڕووداوەکانی سەدەی بیستەم ناوبرد و وتی: شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ئاڵا ھەڵگری ڕاچەنینی ئیسلامییە لە جیهاندا.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی ئێران پرێس، «حەسەن بیتمۆز»، جێگری سەرۆکی پارتی «سەعادەت»ی تورکیا، لە وتووێژێکدا لەگەڵ پەیامنێری ئاژانسی هەواڵدەریی ئێران پرێس لە ئەنقەرە، بە ئاماژە بە کاریگەرییەکانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لەو بەرەوەی سنوورەکانیەوە، ڕایگەیاند: شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە تورکیا وەک وڵاتانی دیکەی ئیسلامی بووە هۆی ڕاچەنینی خەڵکی ئەم وڵاتە.
سەرۆکی پارتی «سەعادەت»ی تورکیا وتیشی: چین و توێژە جیاجیاکانی خەڵکی ئەم نیشتمانە بە تامەزرۆییەوە پێشهاتەکانی ئێران وەک وڵاتێکی دراوسێ و دۆست و برایان پێ و شوێن دەگرت و بە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ئەم تامەزرۆییە بە تایبەت لە نێو لاوان و خەڵکی ئایینی پەرەی سەند.
«حەسەن بیتمۆز» بە ئاماژەدان بە ڕێبازی دژە زایۆنیستی و دژە ئیمپریالیزمیی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران وتی: ڕژیمە کۆلۆنیالیستەکان هەر لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیەوە هەوڵی لاوازکردن و ڕووخاندنی ئەو شۆڕشەیان دا، بەڵام سەرەڕای گوشارەکان و گەمارۆکان، ئێران هەروا پتەوو خۆڕاگر وەستاوە.
جێگری سەرۆکی پارتی «سەعادەت»ی تورکیا خۆڕاگری و ڕووبەڕوونەوەی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لەگەڵ ئیمپریالیزم و زایۆنیزمی وەک تایبەتمەندیی بەرچاوی ئەم حکومەتە ناوبرد و وتی: هەستیاریی ئێران بەرامبەر بە پرسی قودس و فەلەستین جێگای ستایشە.
جێگری سەرۆکی پارتی «سەعادەت»ی تورکیا هەروەها ڕاشیگەیاند کە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سایەی خۆڕاگری و وەستان دەستکەوتی بەرچاوی بەدەست هێناوە و وەک نمونەیەک بۆ وڵاتانی دیکە چاو لێ دەکرێت.