ئادار 01, 2023 21:59 Asia/Tehran
  • ئەردۆغان : هەڵبژاردنەکان لە 14ی ئایاردا بەڕێوەدەچێت

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و یاسادانان لە تورکیا لە 14ی ئایاردا بەڕێوەدەچێت، وەک ئەوەی پلانی بۆ دانرابو، سەرەڕای ئەو بومەلەرزە وێرانکەرەی لە 6ی شوباتدا تورکیا و سوریای گرتەوە.

ئەردۆغان ئه‌مڕۆ له‌ وتارێکدا بۆ پەرلەمانتارانی پارتی داو گه‌شه‌پێدانی دەسەڵاتدار، ڕەخنەکانی لە حکومەتەکەی سەبارەت بە بەڕێوەبردنی بومەلەرزە وێرانکەرەی لە 6ی شوبات سه‌رکۆنه‌ کرد و وتی، " لە 14ی ئایار وەڵامێکی گونجاویان دەدەینەوە".

سەرۆک کۆماری تورکیا  ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد، "ئەم میللەتە لە 14ی ئایاردا ئەوەی پێویست بێت ئەنجامی دەدات". 

دەسەڵاتی کارەسات و فریاگوزاری تورکیا ئه‌مڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان لە تورکیا لە ئەنجامی ئەو بومەلەرزە وێرانکەرەی مانگی ڕابردودا بۆ 45 هەزار و 89 کەس بەرزبوەوە، بەوەش کۆی گشتیی قوربانیانی بومەلەرزە لە تورکیا و سوریا گەیشتە نزیکەی 51 هەزار کەس.

ئەردۆغان بەڵێنیداوە لە ماوەی ساڵێکدا ئەو ماڵانە ئاوەدان بکاتەوە، بەڵام چەند مانگێکی دەوێت تاوه‌کو هەزاران کەس له‌ژێر چادردا رزگاریان ببێت و بچنە شوێنی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی.هەڵبژاردنەکانی تورکیا کە بڕیارە ناوه‌ڕاستی مانگی 5ی ئه‌مساڵ بەڕێوەبچن، گەورەترین  تەنگژەی  سیاسییە کە ئەردۆغان لە ماوەی دو دەیەی دەسەڵاتیدا ڕوبەڕوی بوەتەوە.