کلیچدارئۆغڵو لە ئەردۆغان وەپێش کەوت
کۆمپانیای ڕاپرسی "ORC"؛ ئەنجامی دوایین ڕاپرسیی هەڵبژاردنەکانی تورکیای بڵاوکردەوەو بەپێی ئەو ڕاپرسییه ڕکابەری سەرەکیی ئەردۆغان له هەڵبژاردنەکان دا لێی وەپێش کەوتووە.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆن بە گێڕانەوە لە ڕۆژنامەی جمهورییەتی تورکیاوە، بە پێی ئەنجامی ڕاپرسییەکان لە بیروڕای گشتی لەلایەن کۆمپانیای "ORC"ەوە، «کەمال کلیچدارئۆغڵو»، سەرۆکی پارتی کۆماری گەل و کاندیدی ھاوپەیمانیی «میللەت» ، بە ٣.٤ خاڵ لە «ڕەجەب تەیب ئەردۆغان»، سەرۆکی پارتی دادو گەشەپێدان و سەرۆکی ئێستای تورکیا وە پێش کەوتووە.
کۆمپانیای توێژینەوەی "ORC" دوایین ڕاپرسیی هەڵبژاردنەکانی لە ٤ی مانگی مای ڕاگەیاند.
ئەم ڕاپرسییە لە ٢٩ی ئاپریل ھەتا سەرەتای مانگی مای لە ٤١ پارێزگای تورکیا بە شێوەی ڕاستەوخۆو ڕووبەڕوو ئەنجامی گرتووە.
بەپێی ئەنجامی ئەم ڕاپرسییە، «کەمال کلیچدارئۆغڵو» ٤٨% و «ڕەجەب تەیب ئەردۆغان» ٤٤.٦% و «موحەڕەم ئینجە» ٤.٣% و «سینان ئۆغان» ٣.١%ی دەنگەکانیان بەدەست هێناوە.
هەڵبژاردنی هاوکاتی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە ١٤ی مای ٢٠٢٣ بەڕێوەدەچێت و ئەگەر درێژبکرێتەوە بۆ خولی دووەم، خولی داهاتوو ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی مای بەڕێوەدەچێت. ئەم دەنگدانە لە دەرەوەی تورکیا کە لە ڕۆژی پێنجشەممە (٢٧ی ئاپریلەوە) دەستی پێکراوە تا ٩ی مانگی مای بەردەوام دەبێت.