May 24, 2023 04:54 Asia/Tehran
  • ڕەتکرانەوەی هەر چەشنە ڕێککەوتنێک لەگەڵ سینان ئۆغان لە لایەن ئەردوغانەوە

سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند کە هیچ ڕێککەوتنێکی لەگەڵ سینان ئۆغان نەکردووە کە لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا پشتیوانیی لێ دەکات.

ئۆغان لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو ڕایگەیاند کە پشتگیری لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئێستای ئەم وڵاتە دەکات لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی تورکیا. ئا بەم شێوەیە، هەرچەندە سینان ئۆغان بۆخۆی بەشداریی خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی تورکیا ناکات، بەڵام ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی دەبێت لە دیاریکردنی سەرۆکی داهاتووی وڵاتەکەی.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی یانەی پەیامنێرانی لاو، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا سوپاسی پاڵپشتیی سینان ئۆغانی کردووە لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیادا بەڵام ئەوەشی وتووە کە ، هیچ ڕێککەوتنێکی لەگەڵ ئۆغان نەکردووە سەبارەت بە پشتیوانیکردن لە کاندیدبوونەکەی لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا.

سەرۆک کۆماری تورکیا بە ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە دانوستانێک لەگەڵ سینان ئۆغان وتیشی: ئوغان بە باشی ئاگای لە هەڵوێستی ڕوونی ئێمەیە لە شەڕی دژی تیرۆرو پلانەکانمان بۆ پێشکەوتنی تورکیا.

ئۆغان بە ڕاگەیاندنی پشتیوانی خۆی بۆ کاندیدبوونی ئەردۆغان لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی تورکیا، خوازیاری ڕاگەیاندنی پلانێکی نووسراوی حکومەت بوو بۆ دەرکردنی ملیۆنان کۆچبەری نایاسایی لەم وڵاتە و درێژەدان بە شەڕی دژی تاقمە تیرۆریستییەکان.

بە گوتەی شارەزایانی سیاسی، پشتیوانیی ئۆغان بۆ ئەردۆغان وەک یەکێک لە دوو کاندیدی هەڵبژاردنی تورکیا لە خولی دووەمدا، دەتوانێت چارەنووسی هەڵبژاردنەکە بە قازانجی سەرۆکی ئێستای ئەم وڵاتە بگۆڕێت.

سەرپەیڤ