ئانکارا: نەتانیاهوو بەرپرسیاری سەرەکی ژینۆساید لە کەرتی غەزەیە
وەزیری دەرەوەی تورکیا بە ئاماژە بەوەی کە سەرۆک وەزیرانی ڕژیمی زایۆنی بۆ مانەوەی لە دەسەڵاتدا بەردەوامە لە قەڵاچۆی خەڵکی فەلەستین، نەتانیاهووی بە بەرپرسیاری سەرەکی ژینۆسایدەکەی کەرتی غەزە پێناسە کرد.
لەکاتێکدا کە سەرچاوە سەربەخۆکان دەڵێن لە ماوەی دە مانگی ڕابردوودا هاریکاری نێوان تورکیا و ڕژێمی زایۆنی لەبواری جۆربەجۆر بەشێوەیەکی بێ وێنە پەرەی سەندووە، هاکان فیدانی وەزیری دەرەوەی تورکیا لەمیانەی پرێس کۆنفرانسێکداق لە مەقدونیەی باکوور ڕایگەیاند کە خودی بنیامین نەتانیاهۆ بەرپرسیاری سەرەکییە بەرامبەر بە ژینۆسایدەکەی کەرتی غەزە.
فیدان ڕایگەیاند کە نەتانیاهۆ بۆ مانەوەی لەدەسەڵات دا، پەرە دەداتە قەڵاچۆو تۆقاندن و سەرجەم هەوڵەکانی ئاگربڕی پووچەڵ کردۆتەوە و هەرجارەو دانوستانەکانی ئاگربڕ بەهێنانی ئارای شەرت و مەرجی نوێ لەبار دەبات.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند کە تەنانەت بیرووڕای گشتی ئەو ڕژیمەش دەستیان داوەتە بەربەرەکانی دژبە نەتانیاهوو، هەربۆیە کۆمەڵگای جیهانی پێویستە بەری پێ بگرێ، چونکە بێدەنگەکردن لەو قەڵاچۆیانە بە واتای هاودەست و هاوبەشبوون لەو دڕندەکارییانەیە.
شایانی باسە چەند سەرچاوەیەک دەڵێن کە تورکیا بەشێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ڕژیمی زایۆنی لەماوەی یازدە مانگ شەڕی غەززەدا دابین کردووە.