دەسپێکی پرۆسەی ئاشتی لە پەرلەمانی تورکیا؛ پەکەکە مەرجی دانا بۆ چەکدانان
پەرلەمانی تورکیا گفتوگۆکانی بۆ پێکهێنانی لێژنەیەک بۆ دروستکردنی پرۆسەیەک بەناوی "تورکیای دوور لە تیرۆر" دەستیپێکردووە، هاوکات پەکەکە ڕایگەیاندووە، مەرجی چەکدانان ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجالانە.
. نوعمان کورتولوموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ جێگرەکانی و نوێنەرانی لایەنە جیاجیاکان لەوان ئاک پارتی جەهەپە، دەم پارتی ، پارتی بزووتنەوەی نیشتمانخواز و هاوپەیمانی ڕێبازی ڕاست کۆبوونەوەیان ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی چۆنیەتی پێکهێنانی لیژنەکە. لە هەمان کاتدا "ئی پارتی " کە پارتێکی نیشتمانخوازی تورکیایە، ڕایدەگەیەنێت کە ڕەتیدەکاتەوە ئەندامی ئەم لیژنەیە بێت و پڕۆسەی ئاشتی بە "پرۆژەیەکی خیانەتکارانە" وەسفکرد. پەکەکە کە لە ١٢ی مای دا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتە چەکدارییەکانی دا و یەکەمین گرووپی ئەو حیزبە لە مەراسیمێکی هێماییدا لە شاری سلێمانی چەکەکانیان سووتاند، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم کارە تەنیا هەنگاوی یەکەمە و بەردەوامیی پرۆسەکە بە مەرجی وەڵامدانەوەی ئەرێنی حکومەتی تورکیا و ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجالانە .