ئه‌یلوول 11, 2025 18:55 Asia/Tehran
  • دروشمی گەشەی ئابووری لەلایەن کاربەدەستانی تورکیا و کلکی کەڵەشێرەکەیان کە دەرکەوت

سەرباری ئەوەی حکومەتی تورکیا هەوڵ دەدات بیروڕای گشتی قەناعەت پێ بێنێ کە ئابووریی ئەم وڵاتە بەرەو گەشانەوە دەڕوات و گرانی و هەڵاوسان لە بازاڕ کۆنترۆڵ کراوە، کەچی نیشانەکان ئێستایش هەر باس لە دابەزینی نرخی لیر و تووندتر بوونی هەڵاوسان لە بازاڕەکانی ئەم وڵاتە دەکەن.

بە سەرنجدانی ڕووداوەکانی ئەم ڕۆژانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کایە تەماوییە سیاسییەکانی تورکیا لە هەرکام لە شەڕ و کێشەکانی ئەمڕۆی دونیادا، ئابووری ئەم وڵاتە ئێستاش هەر بەرەوڕووی قەتیسمانێکی بێ وێنە بۆتەوە. کارناسانی ئابووری ڕەخنەگری حکوومەتی تورکیا بڕوایان وایە کە هەرچەند حکومەتی ئەردۆغان بە ڕێژە و ئاماری ساختەی ناوەندە حکوومییەکان هەوڵ دەدات شارووماندانی خۆی قەناعەت پێ بێنێ کە ئابووریی ئەم وڵاتە لە ڕەوشێکی باشدایە و کەوتووەتە سەر ڕێگای گەشانەوە، بەڵام ڕووداوە ناخۆییەکانی ئەم وڵاتە لەوان دەستگیران بە سەر دارایی و سامانی زیاتر لە سەد کۆمپانیا و هۆڵدینگی گەورەی ئابووری پیشاندەری هەڵاوسانێکی لە کۆنترۆڵ دەرچوو و گرانییەکی نالەبارە لە بازاڕەکانی ئەم وڵاتە.هەر چەند مەهمەد شیمشەک وەزیری دارایی و سوکانداری ئابووریی کابینەکەی ئەردۆغان ڕایگەیاندووە کە ٣٣%ی خەرج و بەرجی ڕاپەڕاندنی کاروباری وڵاتی دابەزاندووە، بەڵام ڕەخنەگرانی دەڵێن کە کەمکردنەوەی خەرج و مەسرەفەکان تەنیا لە بەشی ئاراستەکردنی ڕاژەکاری بێ بەرامبەر یان هەرزان بۆ شاروومەندان ئەنجام دراوە و تەخشان پەخشان و بەتایبەت خەرجە حکوومییەکان و بە تایبەتیتر خەرجەکانی ناوەندی سەرۆک کۆماریی ئێستاش هەر لە جێی خۆیەتی. بە بڕوای زۆرێک لە شرۆڤەکارانی ئابووریی تورکیا بە پێچەوانەی بانگەشەکانی کاربەدەستانی حوکومەت ئەردوغان، هۆکارە سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری لە تورکیا پێوەندییەکی ئەوتۆیان بە ڕووداوە ئابورییەکانی جیهانەوە نییە و ڕیشەیان دەگەڕێتەوە بۆ هەڵە سیاسییەکانی ناوخۆ.ئیبراهیم قاوەچی لە شروڤەکارانی ئابووری تورکیا دەڵێ: هەموو پیشەگەران و وەبەرهێنەران خەریکن هەڵدەشکێن، بازرگانی ڕاگیردراوە ژوورەکانی پیشەسازی بازرگانی وسەندیکاکان دانیان ناوە بە مایە پووچی ئابووریان و کەس لە تورکیا ناوێرێ سەرمایە بنێتەوە و یان بەرهەمهێنانێک بکات. کارناسانی سیاسی ڕەخنەگری سیاسەتەکانی حکوومەتی تورکیا پێشتر وشداریان دابوو کە ئەردۆغان لەبەر ئەوەی هەر لە گۆڕەپانی سیاسەتی ئەم وڵاتەدا بمێنێتەوە، بەهێنان ئارای پرۆسەی ئاشتی هەوڵ دەدات کوردەکان بەرەولای خۆی ڕاکێشێ، بە خۆوەردان لە کێشە و هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکەش خۆی وەک حکومەتێکی بەهێز نیشان بدات و لە لایەکی دیکەش بەردەوام بێ لە سەرکوتکردنی پارتەکانی نەیاری خۆی کە هەڵبەت بە سەرنجدانی تەشەنەی هەڵاوسان و دابەزینی بایەخی لیر وا دیارە کە پلان و نەخشەکان بە پێی ویست و خواستی ئەردوغان ناچنەوە پێشەوە.

سەرپەیڤ