تشرینی یه‌که‌م 22, 2025 18:44 Asia/Tehran
  • کاردانەوە بە درێژەی ئامادەبوونی سەربازیی و داگیرکەریی تورکیا لە عێراق و سوریا بۆ سێ ساڵی دیکە

پەرلەمانی تورکیا داوای "رەجەب تەییب ئەردۆغان"ی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتەی بۆ درێژکردنەوەی مانەوەی هێزە سەربازییەکانی تورکیا لە عێراق و سووریا بۆ سێ ساڵی دیکەی پەسەند کرد.

حکومەتی تورکیا لەکاتێکدا مکوڕە لەسەر درێژکرانەوەی ئامادەبوون لە خاکی سووریاو عێراق کە بەرلەوە، بیانووی ئەو ئامادەبوونە، سەرکوت کردنی پەکەکە بوو و لەم دواییەدا تورکیا لەگەڵ پەکەکە، پرۆسەیەکی دیکەیان بۆ چەکداماڵین دەسپێکردووە.

پەسەندکراوەی پەرلەمانی تورکیا سەبارەت بە عێراق و سووریا، دەریخست کە حکومەتی رەجەب تەییب ئەردۆغان مکوڕە لەسەر درێژەی ئامادەبوونی سەربازیی لە خاکی ئەو وڵاتانەو پێشێلکردنی سەروەریی و یەکپارچەیی خاکەکانیان بەبیانووی ئەوەی وا ناوی دەنێ بەرەنگاربوونەوەی ترۆریزم.

پارتی دادوگەشەپێدان(ئاکەپە)، بزاڤی نیشتمانی(مەهەپە) و پارتی باش(ئی پارتی)، دەنگی ئەرێیان بەو داواکارییە داو پارتەکانی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان وهەروەها کۆماریی گەل(جەهەپە)، دەنگی نایان پێدا.

ئامادەبوونی سەربازیی تورکیا لە سووریاو عێراق و پەلامارگەلی رۆژانەی سەر ئەو وڵاتە، بەشی هەرەزۆری ژێرخانەکانی ئەوانی بەتایبەت لە ناوچە کوردنشینەکان وێران کردووە.

حکومەتی تورکیا بێ لەبەرچاوگرتنی داوای پەرلەمانتاران و کەسایەتییەکانی دیکەی عێراقی لەمەڕ کۆتایی هێنان بە ئامادەبوونی سەربازیی تورکیا لە عێراق و زیادکردنی ١٢ پێگەی تازە لە باکوری ئەو وڵاتە، ئامادەبوونی سەربازیی خۆی بەهێزکردووە، ژماری گشتیی پێگەو بنکە سەربازییەکانی گەیاندۆتە زیاتر لە ٨٠ بنکە کە ژمارێک لەوان تەیارکراون بە چەکەمەنی قورس.

"عودەی عەبدولهادی" لە ئەندامانی هاوپەیمانیی فەتح پێی داگرتبوو کە پاش ڕاگەیاندنی راگیرانی هێرشەکانی پەکەکە، هێزەکانی تورکیا بەشێوەیەکی بەرچاو ئامادەبوونی لەشکریی و سەربازیی خۆیان پەرە پێداوە.

"وەعد قدو"ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایش و بەرەڤانیی پەرلەمانی عێراقیش جەختی کردەوە لە پێویستیی ئەنجامدانی جم و جۆڵی خێرا کە دەستەبەرکەر و زامنی پاشەکشەی بەتەواوەتی سوپا و هێزی سەربازیی تورکیا لە خاکی عێراق بێ.

پەرلەمانتاری دەم پارتیش لە کاردانەوە بە پڕۆژەیاسای درێژکرانەوەی ئامادەبوونی سەربازیی تورکیا لە سووریاو عێراق وتی کە خەڵکی سووریا پێویستیان بە درێژەی شەڕ نییە بەڵکوو ئەوان لەهەوڵی بنیات نانی سووریایەکی دیموکراتیک و یەکگرتوودان. وشداریشی دا، سیاسەتە ئەمنییەکانی دەوڵەتی ئەردۆغان نەک هەر هیچ کێشەیەکی چارەسەرنەکردووە بەڵکوو ناوچەشی بەرەو قەیران و توندوتیژیی پاڵ پێوە ناوە.

ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی هەروەها وتی: سیاسەتە ئاسایشییەکان و پرۆژەیاسا جەنگییەکان لە ماوەی چەندین ساڵدا نەک پرسی تورکیاو کێشەکانی ناوچەی چارەسەر نەکردووە بەڵکوو بووەتەهۆی تەشەنای قەیران و تێوەگلانی هەرچی زیاتری ناوچە لە گرژیی و توندوتیژییەکان.

سەرپەیڤ