زیادبوونی ژمارەی کوشتنی ژنان لە تورکیا
ناوەندی لێکۆڵینەوەی (سامر) لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، لە ساڵی 2025دا چوارسەت و بیست ژن لە تورکیا داکوژراون، هەروەها پێنسەت و هەشت ژنیش بەشێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە
ناوەندی لێکۆڵینەویی (سامێر) کە پشت بە سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەکان دەبەستێت، لە ڕاپۆرتێکدا بەناونیشانی "لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی توندوتیژی دژی ژنان لە ڕۆژی یەکی ژانویە تا سی و یەکی دیسامبری دووهەزار و بیست و پێنج ڕایگەیاند، لە ماوەی ساڵی دوو هەزار و بیست و پێنج لە تورکیا لانیکەم چوارسەت و بیست ژن کوژراون و پێنسەت و هەشت ژنیش بەشێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە، هەروەها شەشسەت و شەست و دوو ژن ڕووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی بوونەتەوە و نەوەد و شەش ژنیش هەڕەشە و سووکایەتیان پێکراوە. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لەسەدا ٦٠ی گومانلێکراوەکانی ئەو ڕووداوانە نەناسێندراون ، هەروەها لەسەدا ١٥ی ئەو کوشتنانە لە ئەستەمۆڵ ڕوویانداوە و ئەستەموڵیش لە حاڵەتەکانی دەستدرێژی بۆ سەرمنداڵان لە پلەی یەکەمدایە.