درێژەی سازکرانی بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستانی عێراق
تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی "سی پی تی" ڕایگەیاند؛ سوپای تورکیا سەرباری ڕاگەیێندرانی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ پەکەکە، سازکردنی بنکەی سەربازیی تازە لە ناوچە سنوریەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەکا.
تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی ئەمریکی سی پی تی ڕایگەیاند کە سەرباری ڕاگەیێندرانی پرۆسەی ئاشتی و وەستانی شەڕ وپێکدادان لەنێوان تورکیاو پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە)، سوپای تورکیا هەروا درێژە دەدا بە دروست کردنی بنکەی سەربازی تازە، بەهێزکردنی پێگە کۆنەکان، سازکردنی جاددەی سەربازی، تەقاندنەوەی چیاکان و بڕینەوەی داری دارستانەکانی هەرێمی کوردستان. ئەو بابەتە، بووەتە مایەی نیگەرانی خەڵکی هەرێم.
سی پی تی لە ڕاپۆرێکدا ڕایگەیاندووە، سوپای تورکیا گەڵاڵەی سازکردنی جاددەی سەربازی بۆ لکاندنی بنکەکان و دانانی "ناوچەی جیاکەرەوەی ئاسایشی" لە ناوچەکانی (زاپ، ئاواشین، مەتیناو بەرواری باڵا) ی تۆکمەکردووەو دەروازەی ئەو ناوچە جیاکەرەوەش، ناوچەی ڕەشاوایە. هەروەها سێ بنکەی سەربازیی تازە لە سنوری شاری ئامێدی دامەزراوە کە نەخۆشخانە، ناوەندی مەشق و پرۆڤەکردن و یەکەی تۆپخانە لەخۆ دەگرن.