دووپات کرانەوەی بانگەشەکانی ترەمپ دژ بە ئێران
سەرۆک کۆماری ئەمریکا دیسان بە دووپات کردنەوەی بانگەشەکانی دژ بە ئێران، تارانی تۆمەتبار کرد بە بنپێ کردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ "دۆناڵد ترەمپ" لە کۆڕی فەرماندەرانی سەربازیی ئەمریکادا لە کۆشکی سپی، بە تۆمەتبار کردنی ئێران بە بنپێ کردنی ناوەڕۆکی بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش و پێداگری لە سەر پێویستیی پێشگری بە دەسڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی، بانگەشەی کرد کە ئێران داکۆکی لە تیرۆریزم دەکات.
ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی گرووپی ١+٥ ( بەریتانیا،، فەرانسا، ڕووسیا، چین، ئەمریکا و ئەڵمان) لە ژانڤییەی ٢٠١٦ـەوە گەیشتۆتە قۆناغی جێ بەجێ کرانەوە، بەڵام دەوڵەتی ئەمریکا وەکوو یەکێک لە ئەندامانی ئەم گرووپە بەردەوام لە سەر ڕێگای جێبەجێ کرانی ئەم ڕێککەوتنە ئەتۆمییە تەگەرە دەنێتەوە.
"دۆناڵد ترەمپ" سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەردەوام بە پێچەوانەی هەڵوێستی لایەنەکانی دیکەی بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش، ئەم ڕێککەوتنە ئەتۆمییەی بە پەیمانێکی نالەبار ناو بردووە و خوازیاری هەڵوەشانەوەیەتی، بەڵام جیهان نەیاری ئەم کردەوە دوژمنکارانەیەی سەرۆک کۆماری ئەمریکایە.
ستراتژیی دوژمنکارانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە بە دان پێدانانی ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش ، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام هەموو بەڵێنەکانی خۆی بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەجێ هێناوە.
"فدریکا موگرینی" ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپایش ئەمدواییە بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی گرووپی پێنج کۆ یەک، پەیمانێکی جیهانییە وتی: ئەوە ڕێککەوتنێکی دوولایەنە نییە کە گۆڕانکاری تێدا بکرێ.