تشرینی یه‌که‌م 19, 2017 10:11 Asia/Tehran
  • گۆترێش: بەرجام(ڕێککەوتنی ناڤۆکی) دەبێ بپارێزرێ

ئەنتۆنیۆ گۆترێش سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان دوێنێ چوارشەممە بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش(بەرجام) دەبێ بپارێزرێ وتی: ئەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە بۆ پاراستنی سەقامی جیهان پێویستە.

گۆترێش بەرلەوەش، چەندین جار جەختی کردبووە سەر پێویستیی پاراستنی بەرجام.

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئوروپاش رۆژی سێ شەممە جارێکی دیکە جەختی کرد لەسەر گرینگایەتی ڕێککەوتنی ناڤۆکی و پێویستیی پاراستنی،  و وتی: بەم ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە، هەم جیهان و هەم خەڵکی ئێران سەرکەوتنیان بەدەست هێنا.

فدریکا مۆگرینی ، ڕێککەوتنی ناڤۆکیی ئێران و گرووپی پێنج کۆیەکی بە ڕێککەوتنی بردنەوە-بردنەوە ناوبردو وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران تائێستا بەپێی ڕاپۆرەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی پێبەند بووە بە هەموو بەڵێنییەکانی لەهەمبەر ڕێککەوتنی ناڤۆکیدا.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا شەوی هەینی بێ گرینگیدان بە هەشت ڕاپۆری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کە تێیاندا پێبەندبوونی ئێران بە ڕێککەوتنی ناڤۆکی جەختی لەسەر کراوە، ڕایگەیاند؛ پێبەندبوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش پشت ڕاست ناکاتەوە.

پاش ئەو کردەیەی ترەمپ کە بەئامانجی هەڵوەشاندنی ئەو ڕێککەوتنە جیهانییە ئەنجامی گرت، کۆنگرەی ئەمریکا شەشت رۆژ مۆڵەتی دەبێ هەتا بڕیار بدات سەبارەت بە سەپاندنی دووبارەی ئەو بایکۆتانەی جێ بەجێ کرانیان بەهۆی بەرجامەوە ڕاگیردراوە.  بێتوو کۆنگرە دەنگ بە گەڕاندنەوەی بایکۆتەکان بدات، ئەمریکا لە بەرجام دەکشێتەوە.

ترەمپ هەردەم بەرجام بە ڕێککەوتنێکی ترسناک ناودەباو خوازیاری هەڵوەشانیەتی، بڕیارێک کە بەرەوڕووی ڕەخنەو گازندەی بەرفراوانی کۆمەڵگای جیهانی بۆ وێنە لایەنەکانی دیکەی بەرجام(بەریتانیا، فەرانسە، ڕووسیا، چین و ئاڵمان) و تەنانەت زۆرێک لە بەرپرسانی ئەمریکی بووەتەوە.

سەرپەیڤ