سەرۆک کۆماری فەرانسە : هەنگاوی هاوبەش و ڕێککەوتنی ناڤۆکی لەگەڵ ئێران نابێ هەڵوەشێتەوە
سەرۆک کۆماری فەرانسا وتی : هیچ جێگرەوەیەکی باشتر لە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە پرسی ناڤۆکی شک نابەین.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی میهر ، ئێمانۆئێل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەرانسا ڕۆژی پێنج شەممە لە پرێس کۆنفرانسێکدا لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئالی سانی میری قەتەر لە دەوحە ڕایگەیاند: ڕێککەوتنی ناڤۆکی لەگەڵ ئێران نابێ لە بار بچێت ، چونکو جێگرەوەکەی خراپتر دەبێت.
مەکرۆن هەروەها لە کاردانەوە بەرامبەر بە بڕیارەکەی شەوی پێنج شەممەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە مەڕ ناساندنی قودس وەکوو پێتەختی ئیسرائیل و گوێزرانەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تەلەبیبەوە بۆ قودس وتی: بڕیارەکەی ترەمپ بە تەواوی تاک لایەنەو تاکەکەسی بووەو پاریس ڕەتی دەکاتەوە.
سەرۆک کۆماری فەرانسا بە دەربڕینی ئەمەی کە ئەوبەرایەتیی پاریس گەڕانەوەی سەقام و پاوەجێیی بۆ وڵاتانی هەرێمی کەنداوی فارسە، هیوداداریشی دەربڕی کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین هەرچی خێراتر لە بوونی چەپەڵی تیرۆریستان پاک بێتەوە.
شێخ تەمیم بن حەمەد ئالی سانی میری قەتەریش لەم پرێس کۆنفرانسەدا دانوستانی بە باشترین ڕێگای چارەسەریی گرفتەکانی قەتەرو وڵاتانی عەرەبی زانی و وتی: جێگای داخە کە گەمارۆو بایکۆتی وڵاتانی عەرەب دژی قەتەر هەروا بەردەوامە.
وڵاتانی عەرەبستان ، میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان ومیسرو بەحرەین لە بەر هاوڕێ نەبوونی قەتەر لەگەڵ ڕەوتی عەرەبی دا لە ژوئەنی 2017ەوە پەیوەندییە سیاسییەکانی خۆیانیان لەگەڵ قەتەردا پچڕاندووە.
شێخ تەمیم بن حەمەد ئالی سانی بە دەربڕینی ئەمەی کە پاراستنی سەروەری و دەستەڵاتی نیشتیمانیی قەتەر ئەوبەرترە، لە سەر پێبەند بوونی ئەم وڵاتە بە بەردەوامیی خەباتی دژی تیرۆریزم پێی داگرت.
ئێمانۆئێل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەرانسا سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنج شەممە بۆ دیدار لەگەڵ کاربەدەستانی پایەبەرزی قەتەر و وتووێژ لە بارەی ئاڵ و گۆڕەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە گەییشتە دەوحە.