کانونی دوھەم 01, 2018 08:54 Asia/Tehran
  • ڕێبەری کۆریای باکووری : سەرتاسەری خاکی ئەمریکا لە بەر ئەنگاوتنی چەک و چۆڵی ناڤۆکیی کۆریای باکووری دایە

ڕێبەری کۆریای باکووری ڕۆژی دووشەممە لە وتاردانێکی تەلەفزیۆنیی خۆی دا بە بۆنەی دەستپێکی ساڵی نوێی زایینی وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە سەرتاسەری خاکی ئەمریکا لە بەر ئەنگاوتنی چەک و چۆڵی ناڤۆکیی کۆریای باکووری دایە وتیشی: واشێنگتۆن قەت ناتوانێ شەڕی دژی کۆریای باکووری دەست پێ بکات.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، کیم جونگ ئون ڕایگەیاند: دوگمەی چەکە ناڤۆکییەکان هەمیشە لە سەر مێزەکەی دایە.

کیم جونگ ئون ڕێبەری کۆریای باکووری وتیشی: پیونگ یانگ بە نیازی بەرهەمهێنانی بەرفراوانی کڵاوەی ناڤۆکی و موشەکی باڵستیکە.

کیم جونگ ئون ڕێبەری کۆریای باکووری  هەروەها لە سەر پێویستیی چاک بوونەوەی پەیوەندییەکانی کۆریای باکووری و کۆریای باشووری پێی داگرت و وتی: دەرکەی وتووێژەکان لە سەر پشتە.

کاربەدەستانی پیونگ یانگ پێشتر گەلێک جار پێیان داگرتبوو کە کۆریای باکووری لە بەر هەڕەشەو گوڕەشەکانی ئەمریکا پێویستی بە چەک و چۆڵی ناڤۆکییە.

ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکاو کۆریای باکووری بە هەڵوێستی شەڕخوازانەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا پتر لە هەرکاتێکی دیکە پەرەی سەندووە. ترەمپ گەلێک جار هەڕەشەی هێرشی سەربازیی لە کۆریای باکووری کردووە.

واشێنگتۆن کە ڕۆڵێکی کارای لە پەرە پێ دانی ناکۆکییەکان لە نیمچەدوورگەی کۆریا هەیە، بەردەوام خوازیاری ڕاگیرانی تاقیکارییە سەربازی و ناڤۆکییەکانی کۆریای باکوورییە، بەڵام پیونگ یانگ گەلێک جار جەختی کردووە کە هەتا ئەو کاتەی کە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لە سەر هەڕەشەو گوڕەشەکانی دژی کۆریای باکووری بەردەوام بن، ئەم وڵاتەش بەهێزکردنی توانایی سەربازی و ئامادە بوون بۆ هەڵمەتی پێش دەستانە درێژە پێ دەدات.

 

سەرپەیڤ