وەزیری پێشووی وزەی ئەمریکا: ئوروپاییەکان گەڕاندنەوەی بایکۆتەکان دژ بەئێران پشت ڕاست ناکەنەوە
ئێرنێست مۆنیز وەزیری پێشووی وزەی ئەمریکا، وتی: لەحاڵێکدا کە ئێران پێبەندی بەرجامە، ئوروپییەکان گەڕاندنەوەی بایکۆتەکان دژ بەو وڵاتە قەبووڵ ناکەن.
بەپێی ڕێککەوتنی نێودەوڵەتیی ناڤۆکیی کە لەساڵی٢٠١٥ لەنێوان ئێران و گرووپی پێنج کۆیەک بریتی لە؛ ئەمریکا، ڕووسیا، چین، ئینگلیز، فەڕانسەو ئاڵمان، مۆرکرا، ئێران بەشێک لە چالاکییە ناڤۆکییەکانی بەرتەسک کردەوەو لەهەمبەردا، ئەمریکا بەڵێنی دا، بایکۆتە ناڤۆکییەکانی دژ بەئێران، هەڵوەشێنێ.
بەپێی ڕاپۆری ئەمڕۆ شەممەی هەواڵدەریی ئیرنا، ئێرنێست مۆنیز بەئاماژە بەوەی کە حکومەتی ترەمپ داوا لە لایەنە ئوروپییەکانی بەرجام دەکات کە تەنانەت بێتوو ئێران پێبەند بێ بە بەرجام، گەڕاندنەوەی بایکۆتەکان پشت ڕاست بکەنەوە، وتی: لایەنە ئوروپییەکانی بەرجام هاوڕەوتی سیاسەتی دژە بەرجامیی ترەمپ نابن.
سەرۆک کۆماری ئەمریکا دوێشەو(هەینی) بەکاتی تاران پاش نوێکردنەوەی ماوەی هەڵپەسێردرانی بایکۆتە ناڤۆکییەکان دژ بە ئێران، هاوکات لەگەڵ بایکۆت کردنی ١٤ کەسایەتی و دەزگەی نوێ، چوار مەرجیشی بۆ ئیمزای هەریاسایەک کە کۆنگرە لەپەیوەندیی لەگەڵ بەرجامدا بیخاتەڕوو، دیاری کرد.
ترەمپ کە پێشتر دووجار هەڵپەساردنی بایکۆتە ناڤۆکییەکانی ئەمریکا لەدژ ئێرانی مۆرکردبوو، جارێکی دیکە بەراگەیاندنی ناڕەزایەتی لە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش(بەرجام)، ماوەی هەڵپەساردنی ئەو گەمارۆیانەی نوێ کردەوە.
کۆشکی سپی دوێشەو بەڕاگەیاندنی ئەوەی کە ترەمپ بۆ دواجارە کە هەڵپەساردنی بایکۆتەکان و پشت ڕاست کردنەوەی بەرجام مۆر دەکا، ئیدیعای کرد: بێتوو چاکسازیی پێویست و جێی سەرنجی سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەبارەت بە پەرەی چاودێرییەکان و پەیوەست کرانی پرسەکانی هاوپێوەند بە بەرنامەی مووشەکیی ئێران بە بەرجام لەبەرچاو نەگیردرێ، ئەمریکا لەو ڕێککەوتنە دەکشێتەوە.
نوێکرانەوەی دووبارەی هەڵپەساردنی بایکۆتە ناڤۆکییەکان دژ بەئێران لەکاتێکدایە کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کە لە دەقی بەرجامدا وەک تەنیا ناوەندی شیاو بۆ چاودێری بەسەر کردەوەی ئێران ناسراوە، تائێستا نۆ جار پێبەندبوونی تاران بە ڕێککەوتنی ناڤۆکی پشت ڕاست کردۆتەوە.
محەممەد جەوادی زەریف ، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاردانەوە بە زێدەخوازییەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەهەمبەر بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش(بەرجام) پێی داگرت: سەبارەت بە بەرجام سەرلەنوێ دانوستان ناکرێ و ئەمریکا دەبێ بەڵێنییەکانی جێ بەجێ بکات.