ناڕەزایەتی دەربڕین بە سەفەری پاشمیری سەعوودی بۆ پاریس
ناڕازییان بەسەفەری محەممەد بن سەلمان پاشمیری عەرەبستانی بۆ پاریسی پایتەختی فەڕانسە بە بەدەستەوەگرتنی ئاڵای یەمەن و دانی دروشم، تاوانکارییەکانی رژیمی ئالی سەعوود لە یەمەنیان شەرمەزار کرد.
بەپێی ڕاپۆری ئاژانسی هەواڵیی سەداوسیما؛ گرووپی ناسراو بە ئاشتی بۆ یەمەن، بە سازدانی گردبوونەوەی ناڕەزامەندانە لەبەردەم تاوەری ئیفل لە پاریس و بەدەستەوە گرتنی لافیتەو پارچە نووسراوە دژ بە تاوانکارییەکانی رژیمی ئالی سەعوود لە یەمەن، خوازیاری کۆتایی هاتنی بۆردومانی یەمەن و کوشت وبڕی خەڵکی ئەو وڵاتە بوون.
خۆپێشاندەران و ناڕازییان هەروەها پێیان داگرت: سەعوودییەکان ڕێزناگرن لە مافی مرۆڤ.
محەممەد بن سەلمان پاشمیری عەرەبستانی سەعوودی دوێنێ یەکشەممە گەیشتە فەڕانسە.
محەممەد بن سەلمان لەسەردانێکی فەرمیی دوو ڕۆژەی بۆ فەڕانسە لەگەڵ ئیمانۆئێل مەکرۆن سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە دیدار و وتووێژ دەکات.
عەرەبستان بە پاڵپشتیی ئەمریکاو چەند وڵاتی عەرەب لەمارسی٢٠١٥ـەوە بەبیانووی گەڕاندنەوەی عەبد ڕەببە مەنسور هادی سەرۆک کۆماری لەکارکشاوەی یەمەن بۆسەر دەسەڵات، هێرشی کردەسەر ئەو وڵاتەو سەرباری پەلاماری ئاسمانی و گەمارۆدانی هەمەلایەنەی یەمەن، بە هیچکام لە ئامانجەکانی نەگەیشتووە.