ماکرۆن : لەگەڵ عەرەبستاندا لە مەڕ بەرتەسک کردنەوەی ئێران ھاوبیروڕاین
سەرۆک کۆماری فەرانسا ڕۆژی سێ شەممە لە ئاراستەی دڵخۆشکردنی موحەممەدی کوڕی سەلمان پاشمیری عەرەبستانی سەعودی پێی داگرت: پاریس لەگەڵ ڕیازدا سەبارەت بە پێویستیی بەرتەسک کردنەوەی خۆی وتەنی ( پاوانخوازییەکانی ئێران) ھاوبیروڕایە.
بەپێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فارس ، ئێمانۆئێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرانسا لە پرێس کۆنفرانسێکی ھاوبەش دا لەگەڵ پاشمیری عەرەبستانی سەعودی ھەروەھا وتیشی : پاریس و ڕیاز لە بارەی پێویستیی گۆڕدرانی بڕگەکانی ھەنگاوی ھاوبەش یەک بیروڕایان ھەیە بەڵام شێوەڕوانینی ھەر کامەیان سەبارەت بە شێوازی گۆڕینی ئەم ڕێککەوتنە نێونەتەوەییە جیاوازە.
موحەممەدی کوڕی سەلمان پاشمیری عەرەبستانی سەعودیش لەم پرێس کۆنفرانسەدا سەرەتا دەستی کرد بە بوختان کردن بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران و بانگەشەی دڵسۆزی نواندنی عەرەبستان بۆ شارومەندانی ئێرانیی کرد.
پاشمیری عەرەبستانی سەعودی کە وڵاتەکەی لانکی سەرەکیی سەرھەڵدانی قاعیدەو بیری پاڵپشتی کردنی ئەم گروپە ڕەشەکوژەیە، ھەروەھا بانگەشەی پشتیوانیی ئێران لە تاقمی تیرۆریستی ئەلقاعیدەی کرد.
موحەممەدی کوڕی سەلمان پاشمیری عەرەبستانی سەعودی لە درێژەی وڕێنەکانی دا ئاماژەی کردە ڕێککەوتنی ناڤۆکیش و وتی: ئێران لەم ڕۆژانەدا ئەوپەڕی ساڵێک و یان دوو ساڵ لەگەڵ چێکردنی بۆمبای ناڤۆکی دا مەدای ھەیە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٥ واتە ساڵی کۆتایی ھاتنی بڕێک لە بەڵێنمەندیەکانی ئێران لە ھەنگاوی ھاوبەش دا، ئێران تەنیا چەند ڕۆژ ھەتا چێکردنی چەکی ناڤۆکی مەودای دەبێت.
ئەم قسە گاڵتەجاڕانەیەی پاشمیری عەرەبستانی سەعودی لە ھەل و مەرجێکدایە کە ڕێکخراوەی نەتەوەکان ، ئەنجومەنی ئاسایشت و ناوەندی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی ھەتاکو ئێستا گەلێک جار لە سەر ئاشتیانە بوونی چالاکییە ناڤۆکییەکانی ئێران جەختیان کردووەتەوە.
موحەممەدی کوڕی سەلمان پاشمیری عەرەبستانی سەعودی لە ماوەی حەوتەکانی ئەم دواییە وێڕای بەسەر کردنەوەی وڵاتانی ھاوپەیمانی ڕژێمی سەعودی لەوانە بریتانیا، ئەمریکا و فەرانسا، بەدوای پەرە پێ دانی گوشارو پاڵەپەستۆی سەر کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. کاربەدەستانی بریتانیا، ئەمریکاو فەرانساش کە وڵاتەکانیان لە ساڵێکدا ملیاران دۆلار چەک ڕەوانەی عەرەبستان دەکەن، لە چاوپێکەوتنەکانیان لەگەڵ پاشمیری عەرەبستاندا بۆ پێ خۆشبوون و لێژ بوونەوەی زیاتری دۆلارە نەوتییەکانی عەرەبستان بەرەو وڵاتەکانیان لە ھەڵوێستەکانی دوژمنکارانەی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران پشتیوانییان کردووە.
ئێران ڕۆڵێکی کاراو سەرەکیی لە بەرنگار بوونەوەی پیلان و ھەنگاوە کانی تەوەرەی سەعودی و ڕۆژئاو لە ناوچەکەدا ھەیە. کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ خەباتی دژی تاقمە تیرۆریستییەکان لە عێراق و سووریا لە سەر داوای فەرمیی ئەم وڵاتانە، لە ڕووی موستەشارییەوە یارمەتیی داون و دیارە ئەمەش کردارێکە کە عەرەبستان و ھاوپەیمانەکانی حەزی پێ ناکەن.
قەیرانی سووریا لە ساڵی دووهەزاو یازدەولە عێراقیش دا لە ساڵی ٢٠١٤ لە ئەنجامی هێرشی بەربڵاوی ئەو تاقمە تیرۆڕیستیانەی کە لە لایەن عەرەبستان و ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیانەوە لایەنگرییان لێ دەکرێت بە مەبەستی گۆڕینی هاوسەنگیی ناوچەکە بە قازانجی ڕژێمی زایونی دەستی پێ کراوە.