واشینگتۆن؛ گەشبین بە دانوستانی ئەتۆمی لەگەڵ ئەورووپا
کاربەدەستێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتی کە گەشبینە بەرامبەر بە دانوستان لەگەڵ ئەورووپا سەبارەت بە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش (ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک).
بە پێی راپۆرتی هەواڵدەریی فارس؛ "دەیڤید سەترفیڵد" یاریدەری کاتیی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناڤین ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەم وڵاتەدا وتی کە گەلێک گەشبینەوە بەوەی کە دانوستانی واشینگتۆن لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپایی سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئەنجام و دەسکەوتی باشی هەبێ.
سەترفیڵد بە دان نان بەوەیدا کە هیچ پێوەندییەک لە نیوان ڕێککەوتنی ئەتۆمی و بەرنامەی بەرەڤانی _ مووشەکیی ئێران لە ئارادا نییە، وتیشی؛ بڕیاری لەم بارەوە کە بێتوو گۆڕانکارییەکانی دڵخوازی واشینگتۆن لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی جێبەجێ نەکرێ، ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەچێتە دەرەوە یان نا، لە ئەستۆی "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆمارە، بەڵام وەزارەتی دەرەوە ئێستا چڕی کردۆتەوە سەر دانوستان لەگەڵ هاوپەیمانانی ئەورووپایی ڕێککەوتنی ئەتۆمی واتە بەریتانیا، ئەڵمان و فەرانسا بۆ دەستەبەر کرانی سەرکەوتوو بوونی ئەو دانوستانە.
لەم کۆبوونەوەیەدا کە بە تەوەرەی سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران بەڕێوە چووبوو، "وەس میچێل" یاریدەری دیکەی وەزیری دەرەوەیش بە دووپات کردنەوەی بانگەشەکانی واشینگتۆن سەبارەت بە بەرنامەی مووشەکی و دەور گێڕانی ئێران لە ناوچەکەدا بەتایبەت لە سووریا وتی؛ هاوپەیمانە ئەورووپاییەکانی ئەمریکا دەبێ سەبارەت بە ئێران هەست بە بەڵێنمەندی و بەرپرسیارەتییەکی زیاتر بکەن.