بۆلتۆن: ترەمپ ھێشتا ھیچ بڕیارێکی لە بارەی ھەنگاوی ھاوبەشەوە نەداوە
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی کۆشکی سپی ڕایگەیاند: سەرۆک کۆماری ئەمریکا ھێشتا بە ھیچ جۆرە بڕیارێک سەبارەت بە ڕێککەوتنی ناڤۆکی نەگەییشتووە.
جان بۆلتۆن ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی کۆشکی سپی ڕۆژی یەکشەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی ھەواڵیی فەکس نیوز ڕایگەیاند: داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ھێشتا ھیچ بڕیارێکی نەداوە بۆ ئەوەی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی ئێران دا بمێنێتەوە یان نا.
پێشتر مایک پۆمپێئۆ وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکا لە پرێس کۆنفرانسێکی ھاوبەش دا لەگەڵ عادڵ جوبەیر وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سەعودی لە ڕیاز بانگەشەی ئەوەی کرد بوو کە ھەنگاوی ھاوبەش لە ھەل و مەرجی ئێستادا دەست ڕاگەییشتنی ئێران بە چەکی ناڤۆکی بەرتەسک ناکاتەوەو ئەگەر ھەنگاوی ھاوبەش ھەموار نەکرێتەوە ئەمریکا وازی لێ دێنێ.
ھەر لەم حاڵەدا تێرێزا می سەرۆک وەزیرانی بریتانیا ڕۆژی یەکشەممە لە وتووێژێکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ ئێمانۆئێل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەرانسا و ئانگێلا مێرکێڵ سەرۆکی ئاڵمانیا بەو ھاوبیروڕاییە گەییشتن کە خۆیان وتەنی ھەنگاوی ھاوبەش باشترین ڕێگایە بۆ پێشگرتن لە دەست ڕاگەییشتنی ئێران بە چەک و چۆڵی ناڤۆکی.
سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەگوێرەی یاسای بنەڕەتیی پەسەند کراوی کۆنگرێسی ئەم وڵاتە ھەتا بەرواری ١٢ی مەی دەرفەتی ھەیە کە لە بارەی بەردەوامی دان بە ھەڵپەساردنی بایکۆتەکانی دژی ئێران بڕیار بدات.