ترەمپ: ڕێککەوتنی ناڤۆکیی ئێران وپێنج کۆیەک کارەساتبارە
سەرۆک کۆماری ئەمریکا جارێکی دیکە ڕێککەوتنی ناڤۆکی ئێران و گرووپی پێنج کۆیەکی بەکارەساتبار زانی.
بەپێی راپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، دۆناڵد ترەمپ سەرلەئێوارەی دوێنێ هەینی بەکاتی خۆجێی لە کۆمەڵەی نیشتمانیی چەکەمەنی ئەمریکا(NRA) بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە ڕێککەوتنی ناڤۆکی، ڕێککەوتنێکی ناتەواو وعەیبدارە، وتی: بەرپرسانی حکومەتی پێشووی ئەو وڵاتە وتووێژکارانێکی باش نەبوون.
سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەرلەوەش چەندین جار بەپێچەوانەی هەڵوێستی لایەنەکانی دیکەی ڕێککەوتنەکە(بەریتانیا، فەڕانسە، ڕووسیا، چین ، ئاڵمان ) بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەشی بەڕێککەوتنێکی ترسناک و خراپ ناوبردبوو.
ترەمپ بەئیدیعای ئەوەی کە ڕێککەوتنی ناڤۆکی تەنیا بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دابین دەکا، خوازیاری گۆڕینی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە لەپێناو بەرژەوەندییەکانی واشنگتۆنە.
ئەوە لەکاتێکدایە کە فدریکا مۆگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئوروپاو لایەنەکانی دیکەی ڕێککەوتنی ناڤۆکی چەندین جار بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە ڕێککەوتنەکە هی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە، ڕایانگەیاندووە، ئەوە ڕێککەوتنێک نییە کە دوولایەنە ئامادەکرابێ و گۆڕانی تێدا ئەنجام بدرێ.
جیهان بەپێچەوانەی ترەمپ خوازیاری پاراستنی ڕێککەوتنی ناڤۆکییە.
تەگەرەنانەوەکانی ئەمریکا لە جێ بەجێ کرانی ڕێککەوتنی ناڤۆکی بەڕێ پەیداکردنی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، بووەتە جێی هەڕەشەی هەڵوەشانی ئەو ڕێککەوتنە جیهانییە.
ڕێککەوتنی ناڤۆکیی ئێران وگرووپی پێنج کۆیەک(بەریتانیا، فەڕانسە، ڕووسیا، چین، ئەمریکاو ئاڵمان) لەژانڤییەی٢٠١٦ـەوە جێ بەجێ کراوە.