ڕەخنەی باراک ئۆباما لە بڕیارەکەی ترەمپ لەمەڕ وازھێنانی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی
سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا لە کاردانەوەیەک دا لەمەڕ ھەنگاوەکەی داناڵد ترەمپ سەبارەت بە کشاندنەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی، ئەم ھەنگاوەی سەرۆک کۆماری ئێستای وڵاتەکەی بە ھەڵە زانی.
بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا، باراک ئوباما کە لە دەوڵەتەکەی ئەودا ڕێککەوتنێ ناڤۆکیی پێنج کۆ یەک لەگەڵ ئێران دا ئەنجامی گرتووە، لە بەیاننامەیەک دا وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە دیپلۆمات و زانستوەرە ھەڵکەوتەکان لە دانوستانی جۆربەجۆرو بەرزدەوام و تێروتەسەل و ھەستیاردا ئامادەیان کردووە،ڕایگەیاند: وازھێنان لە ھەنگاوی ھاوبەش بە واتای پشت کردن لە نزیکترین ھاوپەیمانەکانی ئەمریکایە.
باراک ئوبامای سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا بە دەربڕینی ئەمەی کە لە دیموکراسی دا بەردەوام ئاڵ و گۆڕ و ئەوبەرایەتی لە دەوڵەتێکەوە بۆ دەوڵەتی دواتر لە ئارادا دەبێت، وتیشی: پێشێل کردنی ئەو ڕێککەوتننامانەی کە ئەمریکا بۆخۆی بەشێکیەتی مەترسیی دابەزینی متمانەو جێ و شوێنی واشێنگتۆنی لێ دەکەوێتەوە.
ئوباما وێڕای پێداگرتن لەسەرئەمەی کە ھەنگاوی ھاوبەش تەنیا ڕێککەوتنێک لە نێوان دەوڵەتی ئەمریکاو دەوڵەتی ئێران دا نەبووە، پێی داگرت: بە ھەند نەگرتنی ئەم چەشنە ڕێککەوتنانە ئەمریکا لەگەڵ ھێزە گرینگەکانی جیھاندا تووشی کێشە دەکات.
ھەر لەم حاڵەدا تۆنی بلینکێن یاریدەری پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دوابەدوای ڕاگەیاندنەکەی داناڵدترەمپ سەبارەت بە کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی لەگەڵ ئێران، وێڕای ھێنانە ئارای ئەمەی کە ئەو کارە خەڵاتێک بوو بۆ توندئاژۆکان، وتی: ترەمپ لە ماوەی دەچرکەدا دەستھاتی ساڵەھای ساڵ ھەوڵ و ھاوبیروڕایی نێونەتەوەیی بەفێڕۆ دا.
داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی سێ شەممە بەکاتی خۆجێیی بە بانگەشەی بێ دەرەنجام بوونی بەرنامەی تۆکمەی ھەنگاوی ھاوبەش (بەرجام) و ھێندێک بوختانی بێ ناوەڕۆکی دیکەی دژی ئێران فەرمانی کشانەوە لە ڕێککەوتننامەی ناڤۆکیی پێنج کۆ یەکی کە لە لایەن ڕێکخراوەی نەتەوەکانیشەوە پەسەند کرا بوو، واژۆ کرد.
ئەو ھەنگاوە یەک لایەنەیەی ئەمریکا لەمەڕ وازھێنان لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی لە حاڵێکدایە کە ھەتاکو ئێستا گەلێک لە دەوڵەتانی جیھان بێجگە لە ڕژێمی زایونی پشتگریی خۆیانیان بۆ ئەم ڕێککەوتننامە نێونەتەوەییە ڕاگەیاندووە.
ھەنگاوەکەی ترەمپ لەگەڵ ڕەخنەی بەربڵاوی کاربەدەستانی باڵای وڵاتانی جۆربەجۆری دنیا لەوانە بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتیی ئەورووپا و سەرکردەکانی بریتانیا و فەرانساو ئاڵمانیا بەرەوڕوو بووەتەوەو ھەر ھەموو ڕایانگەیاندووە کە پێبەندی ڕێککەوتنەکە دەمێننیەوە.