May 09, 2018 17:14 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی جیھانی بەرامبەر بە کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی لەگەڵ ئێران

یەکێتیی ئەورووپاو کاربەدەستانی ئەورووپی و سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بەرامبەر بە ھەنگاوەکەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەمەڕ وازھێنان لە ھەنگاوی ھاوبەش کاردانەوەیان پیشان دا .

فدریکا موگرینی بەرپرسی سیاسەتی یەکێتیی ئەورووپا ، شەوی چوارشەممە پاش ڕاگەیاندنی داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەمەڕ کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی جەختی کرد: یەکێتیی ئەورووپا ھێشتاش پێبەندی ڕێککەوتنی ناڤۆکی لەگەڵ ئێراندایەو سوورە لە سەر پاراستنی.

فدریکا موگرینی بەرپرسی سیاسەتی یەکێتیی ئەورووپا ، وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە ڕێککەوتنی ناڤۆکی لەگەڵ ئێران دا دەرەنجامی ١٢ ساڵ دیپلۆماسییەو بەرھەمەکەی ھی تەواوی دنیایە، داوای لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد کە نەھێڵن کەس ئەم ڕێککەوتنە بخەوشێنێت.

فدریکا موگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بە دەربڕینی ئەمەی کە بە تەواوی لە کردارو سەربەخۆیی ناوەندی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی دڵنیایە، پێشی داگرتووە کە:ناوەندی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی ھەتا ئێستا دە ڕاپۆرتی بڵاو کردووەتەوە کە لە ھەمووشیاندا جەختی لە سەر ئەوە کردووە کە ئێران بە تەواوی پێبەندی تەواوی بەڵێنەکانی خۆی بووە لە بارەی ھەنگاوی ھاوبەشەوە .

فدریکا موگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا وێڕای نیگەرانی دەربڕین لە ھەگەری ڕاگەیەندرانی بایکۆتی تازەی ئەمریکا دژی ئێران، وتیشی: یەکێتیی ئەورووپا لە سەرمایەدانانی کۆمپانیا ئەورووپییەکان لە بارەی ھەنگاوی ھاوبەشەوە لایەنگری دەکات.

تێرێزامی سەرۆک وەزیرانی بریتانیا، ئانگێلا مێرکێڵ سەرۆکی ئاڵمانیا و ئێمانۆئێل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەرانساش لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە بڕیارەکەی داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەمەڕ کشانەوەی  لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی ، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامە پێبەند بوونی خۆیانیان یەرامبەر بە ڕێککەوتنی ناڤۆکی لەگەڵ ئێران دووپات کردەوە.

لەو بەیاننامەیەدا ھاتووە:  ڕێککەوتنی ناڤۆکی بە زۆرینەی دەنگەوە لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان لە بڕیارنامەی ٢٢٣١ دا پەسەند کراوەو ئەم ڕێککەوتنە بۆ ئەم سێ وڵاتە ئەورووپییە گرینگە.

ئەم بەیاننامەیە پێ لە سەر ئەوە دادەگرێت کە، دەوڵەتەکانی بریتانیاو ئاڵمانیاو فەرانسا بەڵێنمەندی ئەوە دەبن کە ڕێککەوتنی ناڤۆکی بە پتەوی و پاوەجێیی بمێنێتەوە.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە ئانتۆنیۆ گۆتریش سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش  پاش ڕاگەیاندنەکەی داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەمەڕ کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی ، وێڕای نیگەرانی دەربڕین لە گەڕانەوەی بایکۆتەکانی ئەمریکا دژی ئێران لە بەیاننامەیەک دا پێی داگرت: ڕێککەوتنی ناڤۆکب دەستھاتێکی گەورەیە کە یارمەتیی چەسپێندرانی ئاشتی و ئاسایشتی نێونەتەوەیی و ناوچەیی دەدات.

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕووسیاش لە بەیاننامەیەک دا وێڕای نیگەرانی دەربڕین لە بڕیارەکەی داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەبارەت بە کشانەوەی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی جەختی کرد: ئێران بە تەواوی پێبەندی بەڵێنەکانیەتی لە چوارچێوەی ھەنگاوی ھاوبەش داو ئەمەش بەشێوەیەکی ڕێک و پێک لە لایەن ناوەندی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکییەوە پشتڕاست کراوەتەوە.

داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی سێ شەممە بەکاتی خۆجێیی بە بانگەشەی بێ دەرەنجام بوونی بەرنامەی تۆکمەی ھەنگاوی ھاوبەش (بەرجام) و ھێندێک بوختانی بێ ناوەڕۆکی دیکەی دژی ئێران  فەرمانی کشانەوە لە ڕێککەوتننامەی ناڤۆکیی پێنج کۆ یەکی کە لە لایەن ڕێکخراوەی نەتەوەکانیشەوە پەسەند کرا بوو، واژۆ کرد.

ئەو ھەنگاوە یەک لایەنەیەی ئەمریکا لەمەڕ وازھێنان لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی لە حاڵێکدایە کە ھەتاکو ئێستا گەلێک لە دەوڵەتانی جیھان بێجگە لە ڕژێمی زایونی و ئالی سەعود پشتگریی خۆیانیان بۆ ئەم ڕێککەوتننامە نێونەتەوەییە ڕاگەیاندووە.

 

 

سەرپەیڤ