May 10, 2018 10:47 Asia/Tehran
  • وتەبێژی کۆشکی سپی: هەموو بایکۆتەکانی پێشووی دژبە ئێران سەرلەنوێ دەست پێ دەبنەوە

"سارا هاکابی سەندێرز" Sarah Huckabee Sanders وتەبێژی کۆشکی سپی ڕۆژی چوارشەم ڕایگەیاند کە هەموو بایکۆتەکانی پێشووی دژبە ئێران سەرلەنوێ دادەسپێندرێنەوە بەسەر ئەو وڵاتەدا .

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "سارا هاکابی سەندێرز" وتیشی: بایکۆتەکانی پێش ڕێککەوتنی ئەتۆمی هەموو دەگەڕێنەوە و ئەمریکا خەریکە ئامادە دەبێ بۆ زێدە کردنی بایکۆتی نوێی دژ بە ئێران.

"دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا شەوی چوارشەممە بە دووپات کردنەوەی تۆمەت و  سووکێتییەکانی دژ بە ئێران چوونەدەری دەوڵەتەکەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک و داسەپێندرانەوەی بایکۆتەکان دژ بە تارانی ڕاگەیاند.

ڕژێمی زایۆنی، عەرەبستان، ئیمارات و بەحرەین لە هەنگاوێکی هەواهەنگدا لە ڕیزی یەکەمینی ئەو ڕژێمانەیدا بوون کە داکۆکییان لەو هەنگاوەی ترەمپ کرد.

"فدریکا موگرینی" ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە لێدوانێکدا بە دەربڕینی ناڕەزامەندی خۆی لەو بڕیارەی ترەمپ، جەختی کرد لە سەر بەردەوام بوونی هاوکارییەکانی نێوان  یەکێتیی ئەورووپا و ئێران لە چوارچێوی ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا. ،بەریتانیا، فەرانسا و ئەڵمانیش ڕایانگەیاند کە هەر لەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییەدا دەمێننەوە.

"حەسەن ڕۆحانی" سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاردانەوە بەو کردەوەی ترەمپ، ڕایگەیاند کە تاران درێژە دەدات بە هاوکارییەکانی خۆی لەگەڵ پێنج وڵاتی دیکەی لایەنی ئەو ڕێککەوتننامەیە و بێتوو تاران قازانج و بەرژەونەدییەکانی لەو ڕێککەوتنەدا دابین نەکرێ، بڕیاری شیاو دەدات.

بڕیارەکەی"دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەرەو ڕووی نەیارەتیی وڵاتانی ڕووسیا و چینیش بۆتەوە.

سەرپەیڤ