May 10, 2018 11:56 Asia/Tehran
  • تاوتوێی پرسی چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران لە ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیادا

ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا لەمیانەی کۆبوونەوەیەک بە سەرۆکایەتی ڤیلادمیر پوتینی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە، چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک ( بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش) ی خستە بەر باس و لێکدانەوە .

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "دیمیتری پسکۆف" وتەبێژی کرێملین ڕۆژی چوارشەممە وتی؛ "ڤیلادمیر پوتین"ی سەرۆک کۆمار و ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا لەم کۆبوونەوەیەدا نیگەرانیی قووڵی خۆیان بەرامبەر بە چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک ( بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش)یان راگەیاند و جەختیان کرد لە سەر گرینگایەتیی ئەم ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە.

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیایش لە بەیاننامەیەکدا بە داخ و مەخابن دەربڕین بەرامبەر بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەمەڕ چوونەدەر لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران، ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە ئێران بە تەواوەتی پێبەند بووە بە هەموو بەڵێن و ئەستۆگرییەکانی و مۆسکۆیش پێبەندی ئەم ڕێککەوتننامەیە دەمێنێتەوە.

"دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە بە بانگەشەی بێ دەسکەوت بوونی ڕێککەوتنی ئەتۆمییی ئێران  و ڕاگەیاندنی چوونەدەری ئەم وڵاتە لەو ڕێککەوتنە، هەڕەشەی توندترین بایکۆتی لە ئێران کرد.  ترەمپ هەروەها هەڕەشەی کرد لە هەموو لایەنە بازرگانییەکانی ئێرانیش بەرەوڕووی بایکۆت دەکات.

حەزرەتی ئایەتووڵڵا خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە پێشبینیی ئەو لێدوان و هەنگاوە سووک و بێ بایەخانە لە ترەمپ دەکرا و جەختیشی کرد: ئەو کەسانەی دوژمنایەتیی گەلیی ئێرانیان کرد ئێستاکە ئێسک و پرووسکیان لە ژێر خاکە بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر زیندوویە و ڕاوەستاوە.

سەرپەیڤ