May 11, 2018 16:48 Asia/Tehran
  • ڕووسیا باسی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ئەتۆمی کرد

نوێنەری ڕووسیا لە نووسینگەی ڕێکخراوی نیودەوڵەتییەکان لە ڤییەنا وتی؛ کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ئێران و گرووپی ١+٥ بە مەبەستی لێکدانەوەی ڕەوتی جێبەجی کرانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەبەر سەرهەڵدانی دۆخی نائاسایی و چوونەدەری ئەمریکا لەو ڕێککەوتنە بەڕێوە دەچێ.

بە پێی ڕاپۆرتی تاس؛ "میخاییل ئولیانۆف" ڕۆژی پێنجشەممە بە ئاماژە بەوەی کە ئەو کۆبوونەوانە لە ڤییەنا بەڕێوە دەچن، وتیشی: کاردانەوەی ئێران بەرامبەر بەو بڕیاری ئەمریکا، شارەزایانە و ئاوەزمەندانە بووە.

ئەم کاربەدەستە ڕووسە وتیشی: بڕیاری بێشەرمانەی ئەمریکا لەمەڕ چوونەدەر لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی خاڵی بەرامبەری کاردانەوەی شارەزایانە و ئاوەزمەندانەی تارانە کە ڕایگەیاند بەنیازی مەسەلەی درێژە پێدانی ئەو ڕێککەوتنە بە بێ بوونی لایەنی ئەمریکایی بخاتە بەر باس و لێکدانەوە.

ئولیانۆف وتیشی: ڕووسیا بڕیاری سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەمەڕ چوونەدەر لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە نابەرپرسانە دەزانێ لەبەر ئەوەی کە هیچ هۆیەک بۆ چوونەدەر لەو ڕێککەوتنە لە ئارادا نییە.

کاربەدەستی ڕووس بە ئاماژە بەوەی کە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ماوەی دوو ساڵ و نیودا جێبەجێ کرا و هیچ هۆیەک بۆ پەلاماردانی ئەو ڕێککەوتنە لەئارادا نەبوو، راشکاوانە ڕایگەیاند: ئێران لەوپەڕی هەست بە بەرپرسایەتیەوە هەموو بەڵێن و ئەستۆگرییەکانی بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەجێ هێنا و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش لە ١٠ راپۆتدا پێبەند بوونی تاران بەو ڕێککەوتنەی پشت راست کردەوە.

هەروەها هەواڵدەریی کیۆدۆی ژاپۆن بە گێڕانەوە لە سەرچاوەکانی خۆی ڕایگەیاند کۆبوونەوەی سێشەممەی داهاتووی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سێ وڵاتی ئەورووپایی ئەندامی ١+٥ لە بورکسێلی پێتەختی بەلژیک بەڕێوە دەچێ.

بە پێی راپۆرتی ئیرنا بە گێرانەوە لەم مێدیایە، لەم کۆبوونەوەیەدا جگە لە وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا، ئەڵمان و فەرەنسا، ؛ "فدریکا موگرینی" ڕێکخەری سیاسیی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپایش بەشدار دەبێ.

ژیدەری هەواڵیی کیۆدۆ دەڵێ کە تاران لەم کۆبوونەیەوە یەک ڕۆژەیەدا ، خوازیاری ئەوەیە ئەورووپاییەکان بۆ پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی هەندێ گەرەنتیی بە کردەوە بە ئێران بدەن.

بەم پێیە؛ "محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران هەفتەی داهاتوو بۆ وتووێژ سەبارەت بە داهاتوویی شیمانەیی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، سەرەتا سەردانی چین  و پاشان ڕووسیا دەکات و دوای ئەوەش بەرەو بەلژیک وەڕێ دەکەوێ.

سەرپەیڤ